مالیکی: 10 کەس کێبڕكێ لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن

28-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، 10 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کەسێکی گونجاو بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو دیاری دەکات، "هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران قبووڵ ناکات."
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە لیستی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکات و دواتر دەبنە یەک کوتلە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، تەنیا بە رەزامەندیی چوارچێوەکە دەتوانێت خولی دووەم وەربگرێتەوە. مالیکی هۆشداریی دا لەوەی بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هاوسەنگیی کێبڕکێ تێکدەدات.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، سوودانی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەکات. سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی، مەرجی چوارچێوەکە ئەوە بووە کە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، پارتێکی سیاسی دروست نەکات کە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بکات، حکومەتەکەی ئەو بە یەکجار 8600 "نووسراوی سوپاس و پێزانین"ی دەرنەکردووە، وەکو ئەوەی ئەم دواییە روویدا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ محەممەد شیاع سوودانی.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی عێراق و ئەمریکا، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەبێت هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ناوچەکانی عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بکشێنەوە.
 
نووری مالیکی مانەوەی هێزە بیانییەکانی لە عێراق رەتکردەوە و جەختی کردەوە، دواخستنی هەڵبژاردنەکان وڵات دەخاتە نێو گێژاوەوە. ئاماژەی بەوەش دا، حکومەتەکەی ئەو توانیویەتی مووچە دابین بکات، سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت بۆ 30 دۆلار و هەناردەکردنی تەنیا یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشدا، پێکهاتەی سوننە دژی تایفەگەرییە و گوتی، "ئەنجامەکانی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، هاندەر نین بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆ لە عێراق". داوای پاککردنەوەی سوپای سووریای لە "چەکدارە بیانییەکان" کرد و ئاشکراشی کرد، "هەندێک چەکدار لە سووریا بە ئاگاداریی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام، نیازیان هەیە دەست بەسەر خاکی عێراقدا بگرن."
 
نووری مالیکی باسی ئەوەی کرد، کە ناڕازی بووە لە بەشداریکردنی ئەبو محەممەد جۆلانی ( ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا) لە لووتکەی بەغدا و بینینی سەرۆکوەزیران. هەروەها دەڵێت، بیرۆکەکانی حیزبی بەعس هێشتا لەنێو پرۆسەی سیاسیدا ماون و 27 هەزار ئەندامی نوێی ئەو حیزبە قەدەخەکراوە لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووردا هەن، بۆیە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری هەڵناوەشێتەوە.
 
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و نۆ کورسییان کۆتان. رۆژێک پێشتر، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت. نووری مالیکی، پێیوایە ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، ئەگەر بەشدارییان بکردایە، بۆ بەرژەوەندیی عێراق باشتر بوو. چاکسازیش هەر لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە