رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای رێگەی گەشەپێدان تاوتوێی تێپەڕینی رێڕەوى پڕۆژەکە بە هەرێمی کوردستان و بەناوكردنی ئەو زەوییانە دەكات کە ئەو رێگەیەى پێیدا تێپەڕ دەبێت.
یەکشەممە 28ی ئەیلوولی 2025، لیژنەی باڵای پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
بە گوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکە تاوتوێ کراوە، رێرەوی تێپەڕبوونی پڕۆژەکە بووە بە هەرێمی کوردستاندا.
رێگەی گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە رێگەی ئاسن و وشکانی پێکدێت بۆ گواستنەوەی گەشتیار و کاڵای بازرگانی، بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت.
لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی بەناوکردنی ئەو زەوییانە کراوە کە رێگەى گەشەپێدان پێیدا تێپەڕ دەبێت و دەکرێت بە ناوی پڕۆژەکەوە.
محەممەد شیاع سوودانی، فەرمانی بە سەرۆکی دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان کرد پەیوەندی بە پارێزگا پەیوەندیدارەکانەوە بکات بۆ ئەوەی ئەو زەوییانە یەکلا بکرێنەوە کە تاوەکو ئێستا لەو پارێزگایانەدا بۆ بەناوکردن یەکلا نەبوونەتەوە.
تێچووی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان 17 ملیار دۆلارە، ساڵی 2050 تەواو دەبێت، ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناخى پەسەندکردنى نەخشەى بنەڕەتیدایە.
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند" قۆناخی داهاتوو دەستکردن دەبێت بە جێبەجێکردنی کردارى رێگەی گەشەپێدان."
نوێنەری کۆمپانیای ئۆلڤەر وایمانی ئەمریکی ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە کە یەکێک لە بەشداربووانی پڕۆژەى رێگەی گەشەپێدانە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: نوێنەری کۆمپانیاکە باسی ئەو هەنگاوانەى کردووە کە جێبەجێی کردووە لەبارەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کە تایبەتن بە رێگەى ئاسنین، ستراتیژیی ئابووری، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پەیوەندیکردن بە وەبەرهێنەرانەوە، هەروەها کۆمپانیاکە پێشنیازی کردووە دەست بە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە بکرێت و رەزامەندی بۆ پڕۆتۆکۆڵی کاتی لە وڵاتانی بەشدار وەربگیرێت بەر لە کۆبوونەوەی لیژنەی چوار قۆڵی داهاتووى پڕۆژەکە لە بەغدا.
لیژنەی چوارقۆڵی رێگەی گەشەپێدان، وەزیرانی گواستنەوەی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات دەگرێتەوە کە بەشدارن لە رێگەی گەشەپێدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ