رووداو دیجیتاڵ
گەشتی راستەوخۆی ئاسمانیی عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا و دانیمارک دەستپێدەکاتەوە و وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، هەفتانە حەوت گەشتی راستەوخۆیان لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر و نەجەفەوە دەبێت.
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی شەممە 28-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەشتی راستەوخۆی ئاسمانیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارک دەستپێدەکاتەوە. لە رۆژی 10-11-2023ـوە هەفتانە حەوت گەشتی راستەوخۆمان بۆ شارەکانی دۆسڵدۆرف، فرانکفۆرت، بەرلین، میونخ لە ئەڵمانیا و کۆپنهاگن لە دانیمارک دەبێت."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، "گەشتەکان لە رێگەی هەر سێ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، هەولێر و نەجەفەوە دەبن."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی 27-10-2023، بڵاوکراوەتەوە، رەزاق سەعدون، وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاندووە، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لە ئاستی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپا هەبووە و گەشتی راستەوخۆی ئاسمانیی نێوان بەغدا و ژمارەیەک پایتەخت و شاری ئەوروپای تاوتوێ کردووە و هەوڵەکانی سەرکەوتوو بوون.
رەزاق سەعدون گوتی، "دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ ئەوروپا خزمەت بە رەوەندی عێراقی دەکات و ئاسۆ بۆ هاوکاری نێوان عێراق و ئەو وڵاتانەش دەکاتەوە."
عیماد ئەسەدی، بەڕێوەبەری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت کە رۆژی 15-2-2023 لە بەرنامەی نوڕۆژ لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا، رایگەیاند، "هێڵی ئاسمانیی عێراقییە قەدەخەی گەشتی کایەی ئاسمانیی ئەوروپای لەسەرە و بڕوانامەی بەکارهێنانی وڵاتی سێیەم (تی سی ئۆ)ـی نییە. ئێستاش لە ئەنجامی هەوڵی بەردەوام و سووربوونی حکومەت و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی و هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، سەرجەم تێبینی و راسپاردەکان وەردەگرین کە لەلایەن رێکخراوی (ئییاسا) بۆ هێڵی ئاسمانی عێراقییە دەستنیشانی کردوون."
ئەسەدی گوتیشی، "هیوادارین جێبەجێکردنی کۆی ئەو مەرجانەی سەپێندراون، ببنە مایەی هەڵگرتن و هەڵوەشاندنەوەی قەدەخە و نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم هێڵی ئاسمانیی عێراقییە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ