رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، 96 تۆڕی بەکارهێنانی ژنان و منداڵان بۆ کاری سێکسی هەڵوەشاندووەتەوە و 296 کەسیش بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەکانی بازرگانی بە مرۆڤ سزادراون.
عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی سێشەممە 28-10-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەم ساڵ 17 تۆڕی فرۆشتنی منداڵان و 220 تۆڕی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەڵوەشێندراونەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاشکرای کرد، لەو باندانەی هەڵوەشێندراونەتەوە، 96 باندی قۆستنەوەی سێکسی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ، هەڵوەشێندراونەتەوە. هەروەها 99 کەس بوونەتە قوربانیی قۆستنەوەی سێکسی، لە کاتێکدا ژمارەی سزادراوان گەیشتووەتە 276 کەس.
سەبارەت بە باندەکانی جادووگەری، عەقید عەباس بەهادلی گوتی، "تاوەکو ئەم ساتە زۆر لە تاوانەکانی سیحر و جادووگەری پووچەڵکراونەتەوە و 154 کەس بەو تاوانە دەستگیرکراون."
عەقید عەباس گوتیشی، "ئەم ساڵ 22 تۆڕی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن و بردنەدەرەوەی کرێکاری بیانی و کۆچبەران هەڵوەشێندراونەتەوە کە 91 کەس بوونەتە قوربانی و 13 کەسیش سزادراون." ئاماژەی بەوەشکرد: "16 تۆڕی سواڵکردن هەڵوەشێندراونەتەوە."
هەر لە کۆنفرانسەکە، مستەفا یاسری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، داوای لە دایکوباوکان کرد کە ئاگاداری منداڵەکانیان بن و باسی لەوە کرد، مێردمنداڵێکی عێراقی "16 تۆڕی نێو یاری رۆبلۆکسی بەڕێوەبردووە و بەهۆیەوە 30 کەس بوونەتە قوربانی کە یەکێکیان عێراقی بووە؛ بەشێکی قوربانییەکان ماڵیان سووتاندووە و بەشێکیشیان خۆیان سووتاندووە یان خۆیان بریندار کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ