رووداو دیجیتاڵ
زۆرینەی پێکهێنەرانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە، هەیبەت حەلبووسی، ئەندامی سەرکردایەتی لە پارتی تەقدوومیان وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی عەزم رەتیکردەوە موسەننا سامەڕایی، بەربژێریان بۆ هەمان پۆست کشابێتەوە.
شەوی یەکشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لە ماڵی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا خەمیس خەنجەر رایگەیاند: "لەدوای گفتوگۆ لەنێوان سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، زۆرینەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بڕیاریداوە و وەک پارتی تەقەدووم، سەروەری، حەسم و جەماوەری نیشتمانی رێککەوتووین بۆ ئەوەی تەنیا نوێنەرمان بۆ سەرۆکایەتیی خولی شەشەمی پەرلەمان هەیبەت حەلبووسی بێت".
هەیبەت حەلبووسی لە ساڵی 1980 لە ئەنبار لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز بووە لە هەردوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانە لە فراکسیۆنی تەقەدووم.
خەمیس خەنجەر داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد ئەو بڕیارەیان لەبەرچاو بگرن کە وەک بڕیاری زۆرینەی سوننەکانی نێو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی ناوی برد، بۆ ئەوەی رێکارەکانی دەستبەکاربوون تەواو بکرێن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بڕیاری ئەو لایەنە سوننانە لە کاتێکدایە هاوپەیمانیی عەزم کە موسەنا سامەڕایی سەرۆکی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر بوو، بەشێک نەبوو لەو لایەنانەی هەیبەت حەلبووسییان وەک بەربژێر پەسند کردووە.
هاوپەیمانیی عەزم لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە "موسەنا سامەڕایی بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و هەر قسەیەک بکرێت لەبارەی کشانەوەی بەربژێرەکەی، راست نییە."
رۆژى دووشەممە 29ـى کانوونى یەکەم، یەکەم کۆبوونەوەى خولى نوێى پەرلەمان دەکرێت و بڕیارە تێیدا سەرۆکى پەرلەمان و دوو جێگرەکەى هەڵبژێردێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ