لیژنەیەک لە بەغدا بۆ بەدواداچوونى پشکى هەرێمى کوردستان پێکدەهێندرێت

29-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى بەدواداچوونى چوار کەسی پێکدەهێنێت بۆ بەدواداچوونى بابەتی خەرجکردنی پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق. ئەندامێکى ئەو لیژنەیە دەڵێت، "لەگەڵ هەرێمى کوردستان، وەزارەتى دارایی عێراق و دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى کۆدەبینەوە."
 
ئەندامانى لیژنەى بەدواداچوونەکە پێکهاتوون لە حەسەن موئنیس، موزڕ معەن، نەرمین مەعرووف، ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق و سەمیر موبارەک میرزا، راوێژکارى دارایی لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق.
 
بە گوێرەى نووسراوى پێکهێنانى لیژنەى بەدواداچوونەکە، کارى لیژنەکە بەدواداچوون دەبێت بۆ شێوازى خەرجکردنی شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵیی عێراق و ئاستى پابەندبوونى هەرێمى کوردستان بە جێبەجێکردنى مادەکانى یاسای بودجەى گشتییەوە.
 
حەسەن موئنیس، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە ئەندامى ئەو لیژنەیەشە رۆژی دووشەممە (29-01-2024) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ فەرمانى پێکهێنانى لیژنەکە دەردەکرێت و کۆبوونەوە دەکەن بۆ دیاریکردنى شێوازى کاریان و گوتیشی، کارى لیژنەکەیان بەدواداچوون دەبێت بۆ پرسی مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و خەرجکردنی پارە لەلایەن حکومەتى فیدراڵیی عێراقەوە.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتیشى، "لەگەڵ نوێنەرانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى، دیوانى چاودێریى دارایی عێراق و وەزارەتى نەوت کۆدەبینەوە بۆ ئەوەى دواتر راپۆرتێک لەبارەى کێشەکانى بەردەم خەرجکردنی پشکى هەرێمى کوردستان و مووچەى مووچەخۆرانى بدەینە پەرلەمان تاوەکو کێشەکان مانگانە دووبارە نەبنەوە. دواتر راپۆرتێک لەبارەى نێوەڕۆکى ئەو کێشانە دەدەینە لیژنەى دارایی."
 
14ـی کانوونى دووەمى 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە پارەدارکردنى هەرێمى کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینار بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2024، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕە پارەیە لە لایەن بەغداوە نەنێردراوە بۆ وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان.
 
لە نووسراوێکى فەرمیدا کە تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە 28ـی کانوونى یەکەمى 2023 ئاراستەى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە لە بەغدا، شەش تێبینى ئەو وەزارەتەى پێگەیاندوون لەبارەى ژمارەى فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان. بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، وەزارەتى دارایی حکومەتى  هەرێمى کوردستان بە نووسراوى فەرمى وەڵامى ئەو تێبینیانەى داوەتەوە.
 
حەسەن موئنیس گوتى، "لێدوان و زانیاریى جیاواز لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن و دەمانەوێت ئەو کێشەیە چارەسەربکەین و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان وەک فەرمانبەرانى عێراق مووچەکانیان وەربگرن، نەوەک پەناببرێت بۆ قەرز و رێکارى دیکە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."