رووداو دیجیتاڵ
لە 1ـی ئادارەوە پرۆسەى پارەدارکردنى بانکە مۆڵەتپێدراوەکانى عێراق بە دراوى بیانى جگە لە دۆلار بۆ حەواڵەى دەرەکى دەستپێدەکات. هەفتەى سێ رۆژ دیاریکراوە بۆ پارەدارکردنى بانکەکان و خستنەڕووى ئەو دراوانە کە بریتین لە یوانى چینى، لیرەى تورکى، روپیەى هیندستانی، درهەمى ئیماراتی و یۆرۆ.
بانکى ناوەندیى عێراق لە 25ـی کانوونى دووەمى 2024، رێنماییەکى نوێی بۆ بانکە مۆڵەتپێدراوەکان نارد، لەبارەى حەواڵەى دەرەکى دراو بۆ دۆزینەوەى کەناڵى دارایی پێویست بۆ فەراهەمکردنى داواکاریى کڕیارانیان و رێکخستنى پڕۆسەى پارەدارکردن کە لە یەکى ئادارى 2024 ـەوە جێبەجێدەکرێت.
بە گوێرەى ئەو رێنوێنییە، دەبێت سەرجەم ئەو بانکانەى کە دەیانەوێت باڵانسیان لە بانکە نێردەرەکانى دراو زیاد بکەن بۆ سەرجەم جۆرەکانى دراو، وردبینییەکى دەرەکى دابنێن بۆ ئەوەى پێداچوونەوە بە حەواڵە دەرەکییەکان بکات بەر لە ئەنجامدانیان. دەبێت ئەو بانکانە تاوەکو 29ـی کانوونى دووەم ناوى ئەو کۆمپانیا وردبینیکەرە بدەنە بانکى ناوەندى کە دەیانەوێت گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکەن لەگەڵ ناردنى رەشنووسی گرێبەستەکە کە پێویستە ئەوەى تێدا بێت ئەو کۆمپانیایە سەرپشک کراوە لەوەى راپۆرتى وردبینیکردنیان بۆ بانکى ناوەندى بنێرێت.
بانکى ناوەندیی عێراق وادەى ناردنى ئەو راپۆرتانەى وردبینى وەرزى دیاریکردووە بەشێوەیەک کە دوایین وادە بۆ ناردنى راپۆرتى وەرزى یەکەم 15ى نیسانە؛ بۆ راپۆرتى وەرزى دووەم 15 تەممووزە؛ 15ى تشرینى یەکەم دوا وادەیە بۆ ناردنى راپۆرتى سێیەم؛ 15ى کانوونى یەکەم دوا وادەیە بۆ دوایین راپۆرتى وردبینیکراو؛ هەروەها 31ـی ئادارى 2024، دیاریکراوە وەک دوا وادە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاى وردبینى و کارکردنى.
بۆ داواکردنى دۆلار تەنیا داواکارى ئەو بانکانە قبووڵ دەکرێت کە هەژمارى ناردنى دراویان لە یەکێک لە بانکە ئەمریکییەکان هەیە؛ بۆ داواکارکردنى دراوى دیکە جگە لە دۆلار، دەبێت ئەو بانکانەى خاوەنى دراوى ئەو وڵاتانەن کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن بە هەمان ریزبەندى دەوڵەتى بن یان یەک پلە لەوە کەمتر بن کە بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەکانى هێنانى دراو لەو وڵاتانە و ئەگەر بانکە نێردەرەکەش لە دەرەوەى بانکەکانى ئەو وڵاتە بێت، پێویستە ریزبەندییەکەى لە پلە (A) کەمتر نەبێت.
بەگوێرەى نووسراوەکە، پارەدارکردنى بانکەکان بە دراوە بیانییەکان جگە لە دۆلار، بە گوێرەى رۆژانى هەفتە دیاریکراوە؛ یوانى چینى دوو شەممە دەدرێت بە بانکەکەکان؛ هەریەک لە روپیەى هیندستانی، لیرەى تورکى و درهەمى ئیماراتى رۆژانى سێشەممە دەدرێت بە بانکەکان؛ هەرچى یۆرۆیە رۆژانى چوارشەممە دەدرێتە بانکەکان لەکاتێکدا هەموو رۆژێک دۆلار دەدرێتە بانکەکان.
بانکى ناوەندى ئاماژەى بەوەشداوە کە پێویستە بانکە بەشداربووەکانى ئەو حەواڵە دەرەکیانە هەفتانە وردەکارى حەواڵەکانیان و زانیارییەکان لەبارەى ئەو پڕۆسەى حەواڵەکردنە بۆ سەرجەم دراوەکان بۆ سەکۆى ئەلیکترۆنیى بانکى ناوەندى بنێرێن، بەپێچەوانەوە ئەو بانکەى سەرپێچى بکات پارەدارکردنى بە دراو بەبڕى 80%ـی ئەو بڕەی پێشتر پێى دراوە کەم دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ