رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ملیارێک و 800 ملیۆن دینار لە بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی میسان سەندرایەوە و دەستیش بەسەر ژمارەیەک موڵک و ئۆتۆمبێل و کەرەستەی بەهاداریدا گیرا. ئەو بەرپرسە دانی بە 10 دۆسیەی دزی ناوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، کە رۆژی دووشەممە 29-01-2024 بڵاویکردەوە، دادگەی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە سەرۆکایەتی دادگەی تێهەڵچوونەوەی میسان، زیاتر لە ملیارێک و 800 ملیۆن دیناری لە بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی میسان بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندەوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "گوتەی تۆمەتبارەکە وەرگیراوە، دانی بە 10 دۆسیەی دیکەی دزی ناوە". دادگە دەستی گرتووە بەسەر "ژمارەیەک موڵک کە بە ناوییەوە بوون لەگەڵ شەش ئۆتۆمبێل و ئامێری ئایفۆن و هەندێک کەرەستەی بەهادار".
بەگوێرەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە 180 وڵاتدا، عێراق لە رووی گەندەڵییەوە لە ریزی 157مینە.
رۆژی 10-11-2023 عەقیل خەزعەلی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی عێراق، لە دیداری مێریدا، باسی پرسی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لەو کابینەیە کرد و گوتی، "لە 10 مانگی تەمەنی ئەم حکومەتەدا، 17 هەزار داوای یاسایی خراونەتەڕوو. هەروەها 602 کەس لە پلە و پۆستە تایبەت و باڵاکاندا سزادراون. ئەمە یەکەمجارە لە کەشێکی چاکسازیخوازیدا ئەم کارە دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ