بەغدا بڕیاریدا گومرگ و رێنماییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەگەڵ هەولێر یەکبخات

29-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بڕیاریدا گومرگ و رێنماییەکانی هاوردەکردن و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی یەکبخرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لە یەکخستنی رێنماییەکان نییە، پێمانخۆشە بە یەک میکانیزم ئۆتۆمبێل هاوردە بکرێت".
 
رۆژی دووشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئامادەبوونی وەزیرانی پلادانان، دارایی، بازرگانی، کشتوکاڵ، پیشەسازیی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان، راوێژکارانی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری و یاسایی و بریکاری وەزارەتی نەوت کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەنجوومەنەکە میوانداری وەزیری ژینگە و بریکاری وەزارەت و ئەندامانی لیژنەی دیوانی تایبەت بە یەکخستنی رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە کاریگەری خراپی دروستکردووە بۆ سەر پیسبوونی ژینگە و دەردانی گازی ژەهراویی و دروستبوونی جەنجاڵی".
 
ئەنجوومەنەکە گفتوگۆی کرد لەسەر رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، رەزامەندی دا لەسەر راسپاردەکانی لیژنەکە لەگەڵ دەستکاریکردنی هەندێکی، لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ پێداچوونەوە بە گومرگ و یەکخستنیان لە سەرجەم دەروازەکان لەگەڵ لیژنەیەکیش بۆ یەکخستنی تایبەتمەندی پشتپێبەستراو لە هاوردەکردن. هەروەک ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا بە پشتیوانیکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە و کارەبایی و هەڵوەشانەوەی گومرگ و باجی تۆمارکردنی سەر ئەو ئۆتۆمبێلانە.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی بەشدار بوون، کە بۆ یەکخستنی رێنمایی و رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بوو". 
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان گوتی، "پێناسەی گومرگی یەکەم، دەمانەوێت لە هەموو عێراق رێنماییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل یەکبخەین، بۆ ئەوەی بەیەک شێوە لە دەروازەکاندا کار لەگەڵ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بکرێت، چونکە هەندێک کات لای ئەوان هاوردە دەکرێت و لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت بە پێچەوانەوەش، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە هیچ کێشەیەک لە نێوان رێنمایی هەردوولا دروست نەبێت، هەمووی یەکبخرێت، بۆیە ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوەیەک هەیە، لەوبارەوە لیژنەی هاوبەشمان هەیە".
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان  جەختی لەوەکردەوە "هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لە یەکخستنی رێنماییەکان نییە، پێمانخۆشە بە یەک میکانیزم ئۆتۆمبێل هاوردە بکرێت، چەند کۆبوونەوەیەک کراوە و هاوئاهەنگ بووین، گەیشتوونەتە ئەنجامێک کە جێگەی رەزامەندییە لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل. دەمێکە رێنمانییەکان هاوشێوەن، بەڵام هەندێک جیاوازی هەبووە، دەمانەوێت ئەو جیاوازییانەش نەهڵێین و یەکی بخەین".
 
رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2023 ، عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگشتی لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، حەوت ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانییەوە تۆمارکراون.
 
هەروەها رۆژی 05-10-2023 عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق هەموو ساڵێک ژمارەی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات، ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە هەموو جۆرەکانییەوە هەن. ئەمە وێڕای ماتۆڕسکیل و توک توک کە ژمارەیان لەنێوان 250 - 300 هەزارە. فەرمانگەکانی دەوڵەتیش نزیکەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراویان هەیە.
 
بە گوتەی هینداوی، ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل گوشارێکی زۆری بۆ سەر توانای شار و شەقامەکان دروستکردووە، بۆیە ئێستا حکومەت پلانی هەیە رێگەی بازنەیی و شەقامی نوێ دروست بکات بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل، هەروەها هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش بەپێی پێویست بێت و هانی گواستنەوەی گشتی بدرێت بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان.
  
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دوایین ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، تاوەکو رۆژی 31-3-2023، لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 993 هەزار و 552 'ئامێری گواستنەوە' بە فەرمی تۆمارکراون کە ملیۆنێک و 973 هەزار و 778یان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 19 هەزار و 774یشیان ماتۆڕسکیلن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە