عێراق و ئەمریکا تاوتوێى سزاکانى واشنتن دەکەن

29-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لەگەڵ بریکارى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بۆ کاروبارى تیرۆر کۆبووەوە و رێوشوێنە یاساییەکان و ئەو سزایانەیان تاوتوێ کردووە، کە ئەو وەزارەتە لە دژى کۆمپانیا و کەسایەتییە عێراقییەکان دەریکردووە.
 
رۆژی 29ى کانوونى دووەمى 2024 فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لەگەڵ برایەن نیڵسن، یاریدەدەرى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بۆ کاروبارى تیرۆر و هەواڵگرىی دارایی؛ دەیڤد بەرگر، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى نێردەى ئەمریکا لە عێراق و ئەلین ئەندرێزى، پاشکۆى دادوەرى باڵیۆزخانەکە کۆبوونەوە.
 
راگەیاندنى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئاماژەى بەوە داوە، لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا باسیان لە رێوشوێنە یاساییەکان و ئەو سزایانە کردووە، کە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا لە دژى کەسایەتى و کۆمپانیا عێراقییەکان دەریکردووە.
 
رۆژی 22-01-2024 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و چەند کۆمپانیایەکی خستە نێو لیستی سزاکانی، کە بە گوتەی وەزارەتەکە، هاوکاریی داراییان بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە.
 
کۆمپانیای فلای بەغدا بۆ فڕۆکەوانی، یەکێک بوو لەو کۆمپانیایانەی خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکا، بە تۆمەتی ئەوەی "چەک و چەکدار و دۆلار"یان بە قاچاخ بۆ سووریا بردووە، بەڵام کۆمپانیاکە لە روونکردنەوەیەکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
 
رۆژی  26ى کانوونى دووەمی 2024 کۆمپانیای فلای بەغدا لە راگەیێندراوێکدا ملکەچبوونى بۆ بڕیاری محەممەد شیاع سوودانیی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕى بۆ راگرتنی سەرجەم گەشتەکانیان تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکار و بەڕێوەبەرێتی کۆمپانیاکە تەواو دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە