رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق تێڕوانینی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق گەیاندە باڵیۆزخانەی ئەمریکا و گوتی: "پێویستە هەردوولا تێگەیشتنیان بۆ یەکدی هەبێت".
گەیاندنی ئەو پەیامە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوو لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ى کانوونى دووەمى 2026 لە بەغدا بەڕێوەچوو.
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لەو کۆبوونەوەیەدا تێڕوانینی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو خرایەڕوو، لەگەڵ هەوڵی لایەنەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی سەرۆکایەتییەکانى دیکە.
هومام حەموودی بە بەرپرسەکەی ئەمریکای گوتووە: "گرنگە هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکی تێگەیشتنی وەهایان بۆ یەکدی هەبێت کە لە بەرژەوەندیی هاوبەشیان بێت".
ئەو کۆبوونەوەیە دوای هەڵوێستێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت لە 27ى کانوونى دووم دژی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانەوە.
هومام حەموودی رایگەیاند: "گرنگە پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بڕیار و سەروەریی یەکدی بێت و بەرژەوەندیی گەلانی هەردوولا کاری لەپێشینە بێت و تایبەتمەندیی بڕیاری عێراقی و بەرپرسیارێتیی هێزە سیاسییەکانی لەبەرچاو بگرێ بۆ نەخشەکێشانی ئایندەی عێراق بە شێوەیەک کە سەقامگیریی خۆی و ناوچەکە بەگشتی بەهێز بکات".
ئەوە یەکەم کۆبوونەوەى لایەنێکى شیعە بوو لەگەڵ ئەو بەرپرسەى ئەمریکا دواى هۆشدارییەکەى ترەمپ.
عەلى دیفاعی، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى بە رووداوى گوت: "گرنگییەکى زۆر دەدەین بە پەیوەندییەکى ئەرێنى لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام هەر دەستوەردانێک لە کاروبارى ناوخۆ رەتکراوەیە، تێگەیشتنمان بۆ ئەو تێبینیانە هەیە کە خراونەتەڕوو و پێشمان وایە کە باشترین رێگە دیالۆگ و دانوستاندنە بۆ لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى هەردوولا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ