پەرلەمانتارێکى پێشووتری عێراق بەتۆمەتى بەقاچاخبردنى نەوت بانگی دادگە دەکرێت

29-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى پێشووترى پەرلەمانى عێراق بانگى دادگە کراوە، بەتۆمەتى ئەوەى خۆى وەک پەرلەمانتار ناساندووە لەکاتێکدا خولەکەى تەواو بووە، بە ناوى ئەو پۆستەشەوە نووسراوى بۆ لایەنە حکومییەکان ناردووە و لەو رێگەیەوە نەوتى بەقاچاخ بردووە. 
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، ئەو کەسە لە خولى دووەمى پەرلەمانى عێراق ئەندام بووە. هەرچەندە لە 14ـی حوزەیرانى 2014 ئەو خولە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەو هەر خۆی بە پەرلەمانتار ناساندووە.
 
دەستەى دەستپاکى لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، ئەو پەرلەمانتارەى پێشووتر پۆستی پێشووی بەکارهێناوە و نەوتی بە قاچاخ بردووە.
 
دادوەر گوتەى لە نوێنەرانى یاسایی ئەمینداریێتیى گشتیى پەرلەمان و وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان وەرگرتووە. 
 
بڕیارى بانگهێشتکردنى ئەو پەرلەمانتارەى پێشووتری پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگەى لێکۆڵنەوەى دووەمى کەرخ دەرکراوە، کە تایبەتە بە دۆسیەى دەستپاکى و سپیکردنەوەى پارە.
 
دەستەى دەستپاکى رایگەیاند دادگە بڕیاریداوە دۆسیەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە پێکبهێنێت، کە گوایە وێستگەى سووتەمەنى هەیە. فەرمانگەى خۆپارێزى لە دەستەکەش راسپێردراوە بۆ بەدواداچوون بۆ موڵک و ماڵى ئەو پەرلەمانتارەى پێشووتر بۆ زانینى راستیی زیادبوونى نائاسایی موڵک و ماڵەکەى.
 
بانگکردنى ئەو پەرلەمانتارەى پێشووتر لەسەر بنەماى مادەى 260ـی یاساى سزادانى عێراقى بووە، کە تایبەتە بە تاوانى بانگەشەکردن بۆ پیادەکردنى پۆستێکى فەرمى، بەبێ ئەوەى ئەو پۆستەى هەبێت و سزاکەى پێبژاردن و بەندکردنە، کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت.
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە