وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە بۆردوومانێکی شاری موسڵ ئەفسەرێک و پۆلیسێک کوژران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق کوژرانی دوو ئەندامی هێزەکانی پۆلیسی لە شاری موسڵ راگەیاند، کە یەکێکیان ئەفسەرێکی پلە باڵایە و فەرماندەی فەوجە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خاڵێکی سەر بە فەوجی یەکی فریاکەوتنی پۆلیس لە نزیک "پردی سێیەم" لە بەری راستی شاری موسڵ کراوەتە ئامانج. وەزارەتەکە هێرشەکەی بە "بۆردومانی ستەمکارانەی ئەمریکی-ئیسرائیلی" ناو بردووە.
 
وەزارەتی ناوخۆ ناسنامەی ئەو سەرباز و ئەفسەرەی ئاشکرا کردووە کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە کە ئەوانیش، "عەقید عومەر مەحموود،  فەرماندەی فەوجی یەکی فریاکەوتنی پۆلیس و مفەوەز رافع عەبدوڵڵا، کارمەند لە بنکەی پۆلیسی موسڵی نوێ."
 
"بۆردوومانی دووەم لە کاتی فریاکەوتندا بووە"
 
هەر لەو رووداوەدا، پێنج کارمەندی دیکەی پۆلیس بریندار بوون. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە "بۆردوومانی دووەم کاتێک روویداوە کە ئەو کارمەندانە خەریکی ئەنجامدانی ئەرکی مرۆیی بوون بۆ فریاکەوتنی هاوڕێ بریندارەکانیان لە شوێنی یەکەم بۆردوماندا."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەم هێرشە لە کاتێکدا بووە کە ئەو ئەفسەر و پۆلیسانە خەریکی پاسەوانیکردن و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان بوون لە نێو جەرگەی شاری موسڵدا. جەختیشی کردووەتەوە کە "خوێنی ئەم شەهیدانە دەبێتە مەشخەڵێک بۆ هەموو پیاوانی پۆلیس لە پێناو بەردەوامبوون لەسەر ئەرکەکانیان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە