'خێوەتگە زێدەڕۆکان'ی ئەنبار دادەخرێن

29-04-2022
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ داخستنی چەند خێوەتگەیەک لە ئەنبار، کە بە 'خێوەتگە زێدەڕۆکان' ناسراون و لە ساڵی 2014ەوە زیاتر لە 200 خێزانیان تێدا دەژین.
 
عەلی جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند؛ لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ داخستنى 'خێوەتگە زێدەڕۆکان' لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار، کە 220 خێزانى ئاوارەى تێدا دەژى و بۆ ئەو مەبەستە سەردانى پارێزگاکەیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانى ئەمنى ئەنبار کۆبوونەتەوە.
 
ئەو خێوەتگانە دەکەونە ناوچەی عامریە لە باشوورى قەزاى فەللوجەى سنوورى پارێزگاى ئەنبار، کە 40 کیلۆمەتر لە خۆرئاواى بەغداى پایتەختەوە دوورە.
 
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند؛ ئەو خێزانانە زۆرینەیان خەڵکى ئەنبارن و لەدواى ساڵى 2014 ئاوارە بوون، بەشێکیان لەبەر مەترسیی ئەمنى ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەشێکى دیکەیان بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزاریى لە ناوچەکانیان نەگەڕاونەتەوە.
 
ساڵى 2014 بەهۆى هاتنی داعشەوە، لە سنوورى قەزاى فەللوجە و ناوچەکانى دیکەى خۆرئاواى ئەنبار کە هاوسنوورن لەگەڵ ئوردن و سووریا، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانى ئەو پارێزگا زۆرینە سوننەیە ئاوارە بوون، هەندێکیان روویانکردە هەرێمى کوردستان و ئەوانى دیکە چوونە ناوچەکانى دیکەى پارێزگاکە. 
 
لەو 220 خێزانە ئاوارەیە 35 خێزانیان خەڵکى دەوروبەرى بەغداى پایتەختن کە ئاوارەى ئەنبار بوون.
 
بەگوتەى عەلى جیهانگیر، چانسی ئەوە دراوە بە خێزانە ئاوارەکان، کە دەتوانن ناوچەیەکى دیکەى سنوورى ئەنبار دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەى تێیدا بژین، ئەگەر نەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدى خۆیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە