رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق هەرکەسێک گورچیلەی خۆی ببەخشێت، تاوەکو لە ژیاندا بێت، بە خۆڕایی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بۆ دابین دەکرێت.
حەیدەر محەممەد کازم متیری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2024 پێشنیازێکی بۆ ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستی نارد، تێیدا داوایکرد ئەو کەسانەی گورچیلەی خۆیان دەبەخشن، دەستبەری تەندروستیان بۆ بکرێت، تاوەکو مردن بە خۆرایی خزمەتگوزاریی تەندروستیان بۆ دابین بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە کە لە فراکسیۆنی ئیشراقییەی کانوونە، رۆژی دووشەممە 29ی نیسانی 2024 بە رووداوی راگەیاند، رۆژی 21ی ئەم مانگە، وەزیری تەندروستی وەڵامی پێشنیازەکەی داوەتەوە و رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.
حەیدەر محەممەد کازم متیری گوتی، "وەزیری تەندروستی بڕیاریداوە، یاسای دەستبەری تەندروستی ژمارە 22ی ساڵی 2020 هەموار بکرێتەوە، ئەو پێشنیازە بخرێتە نێو هەمواری یەکەمی یاساکە".
نزیکەی 500 هەزار کەس لە عێراق گورچیلەکانیان کارناکەن، یاخود بە سیستی کاردەکەن، هەفتانە دوو بۆ سێ رۆژ لە سەنتەری گورچیلەی دەستکرد چارەسەر وەردەگرن. بە گوتەی ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق لە ساڵی 2022 دا نزیکەی 6٪ ئەوانەی لە عێراق گیانیان لەدەستداوە، هۆکارەکەی گورچیلە بووە.
وەک حەسناوی باسیکردووە، لە ماوەی یەک ساڵی تەمەنی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، 21 سەنتەری نوێی شۆردنی گورچیلە کراونەتەوە کە 961 ئامێری شۆردنەوەی گورچیلەیان بۆ دابینکراوە. لە عێراق 55 سەنتەری شۆردنەوەی گورچیلە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ