رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، مەرجەکانی دەخاتەڕوو بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ببنە کارمەند بۆ هەڵبژاردن، هەر کەسێک بڕوانامەی ئامادەیی نەبێت ناتوانێت داواکاریی سەر سندووقی دەنگدان پێشکێش بکات و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانیش ناتوانن داواکاری پێشکێش بکەن.
کۆمیسیۆن لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو 3ی حوزەیرانەوە دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری بۆ کارکردن وەک کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکاتەوە. پرۆسەکە فەرمانبەرانی دەوڵەت، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان و خوێندکارانی ئێستای زانکۆ و پەیمانگەکان دەگرێتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە پرۆسەکە سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان) دەگرێتەوە، بە مەرجێک لایەنی کەم بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت. هەروەها خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن بەو مەرجەی تەمەنیان لە 19 ساڵ کەمتر نەبێت و دەرچووانیش دەبێت لایەنی کەم بڕوانامەی دیپلۆمیان هەبێت.
کۆمیسیۆن مەرجەکانی دیکەشی خستەڕوو، کە بریتین لە:
- هەبوونی کارتی دەنگدانی درێژمەودا.
- پێشکێشکار دانیشتووی هەمان ئەو پارێزگایە بێت، کە داواکاری لێیەوە پێشکێش دەکات و پێشکێشکردنەکە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافی دەبێت.
- نابێت لە رابردوودا هیچ سزایەکی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە درابێت.
- نابێت خزمی نزیکی هیچ کام لە بەربژێرانی هەمان پارێزگا بێت.
- پێویستە بەڵێننامەیەکی دەستنووس پڕبکاتەوە، کە تێیدا دووپاتیدەکاتەوە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە، تاوانبار نەکراوە، ئەندامی هێزە ئەمنییەکان نییە، سەربەخۆیە و پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان دەبێت.
سەبارەت بە بەڵگەنامەکان بۆ پێشکێشکردنی داواکاری بۆ فەرمانبەران، جومانە غەلای گوتی، ناسنامەی فەرمانگەکە، یاخود پشتگیریی فەرمانبەریەتی، کارتی نیشتمانی، یاخود ناسنامەی باری شارستانی، کارتی دەنگدان، بەڵگەنامەی خوێندن، یاخود پشتگیری خوێندن بەشێوەی رەنگاوڕەنگ.
لەبارەی خوێندکار و دەرچوانەوە، گوتی ناسنامەی خوێندکار، یاخود پشتگیری کە خوێندکارە، کارتی نیشتمانی، یاخود ناسنامەی باری شارستانی، کارتی دەنگدان و بەڵگەنامەی بڕوانامەی خوێندنەکەی بەشێوەی رەنگاوڕەنگ.
غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، پێشکێشکردنەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و لە رێگەی لینکێکەوە کە خودی کۆمیسیۆن بڵاوی دەکاتەوە، داواکارییەکان وەردەگیرێن.
سەبارەت بە ژمارەی کارمەندانی پێویست، جومانە غەلای روونیکردەوە، کۆمیسیۆن ئێستا تەنیا داواکارییەکان وەردەگرێت. دوای تەواوبوونی پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی لیستی دەنگدەران، شیکردنەوەی داتاکان، پەسندکردنی تۆماری کۆتایی دەنگدەران لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، دابەشکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان، ئەوکات بە وردی دەزانرێت کە پێویستیان بە چەند کارمەند هەیە بۆ هەر ناوەند و وێستگەیەکی دەنگدان. ئەوکات بڕیاری لەبارەوە دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ