رووداو دیجیتاڵ
گەنجانی قەزای دوجەیلی پارێزگای سەلاحەدین، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی قەزاکە، هەڵمەتێکی لەناوبردنی بەرازیان دەستپێکردووە. بە گوتەی قایمقامی قەزای دوجەیل، گەنجەکان لەو هەڵمەتەدا نزیکەی 500 بەرازیان کوشتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی ئایار، عەلی فازڵ، قایمقامی قەزای دوجەیل بە رووداوی گوت، "گەنجانی قەزاکەمان دوای ئەوەی مۆڵەتیان لێمان وەرگرت، هەڵمەتێکی لەناوبردنی بەرازە زیانبەخشەکانی قەزاکەیان دەستپێکرد و لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە 500 بەرازیان کوشتووە و هەڵمەتەکەش بەردەوامە."
"ئەو بەرازانە زیانێکی زۆریان بە رەز و باخی باخەوانانی قەزاکەمان گەیاندووە و ناچاربووین رێگەیەک بگرینەبەر بۆ لەناوبردنیان."
هاوکات ریاز جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی گوت، "قەزاکەمان رووبەرێکی زۆر لە قامیشی هەیە، زۆرینەی ئەو بەرازانەش لەناو قامیشەکاندا دەمانەوە و شەوان دەچوونە نێو رەز و باخی هاووڵاتییانەوە."
قەزای دوجەیل دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای سەلاحەدین؛ بەشێکی زۆری دانیشتووانی قەزاکە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ