رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر داوای خۆپێشاندانێکی "تووڕەیی" گەورە لە دژی باڵیۆزخانەی سوێد دەکات؛ داواش دەکات باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەربکرێت و وڵاتینامەش لەو هاووڵاتییە بە رەچەڵک عێراقییە وەربگرێتەوە، کە قورئانی پیرۆزی لە ستۆکهۆڵم سووتاندووە.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 لە تویتێکدا داوای کرد خۆپێشاندانێکی "تووڕەیی" گەورە لە دژی باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق بکرێت، کە تێیدا داوا بکرێت باڵیۆزی سوێد لە عێراق دەربکرێت.
سەدر، سوێد بە "دەوڵەتێکی دووژمن بە ئیسلام و پیرۆزییەکان و پشتیوانی خراپەکاری" ناودەبات و داوا دەکات پەیوەندییەکان لەگەڵیدا بپچڕێندرێت.
هەروەها سەدر داواش دەکات، وڵاتینامەی عێراقی لەو کەسە وەربگیرێتەوە کە لەبەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم لە سوێد قورئانی پیرۆزی سووتاندووە، دادگەش کار بکات تاوەکو بیگەڕێنێتەوە عێراق یان بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای بدات، کە شایستەی ئەو تاوانە بێت کردوویەتی، ئەمەش وەکو بەرگرییەک لە ئیسلام و ئاینزاکان.
سەدر بە پێویستی دەزانێت حکومەت لەکاتی دەستگیرکردنیدا ژیانی ئەو تاوانبارە لە عێراق بپارێزێت و پارێزگاریی لێ بکات.
لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان کۆچبەرێکی عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
سەلوان کە پەنابەرێکی عێراقیی بە بنەچە خەڵکی پارێزگای نەینەوایە، رۆژی 5ی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، چاوەڕوانی رەزامەندیی لایەنە فەرمییەکان دەکات بۆئەوەی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد قورئان بسووتێنێت و گوتی، جاری داهاتووش لەبەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم قورئان دەسووتێنێت، بەڵام رۆژی 10ی شوبات لەلایەن پۆلیسی سوێدەوە داواکەی رەتکرایەوە، رۆژی 14ی شوبات داوایەکی خستە بەردەم دادگەی فیدڕاڵی لە ستۆکهۆڵم بۆ رازیبوون لەسەر بابەتەکە.
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە "عێراقییەکی لیبراڵ، عەلمانی و بێ ئایین" دەناسێنێت، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانییە لە ساڵی 2014 بۆ 2018 و ئەندامی پارتە دیموکراسییەکانی سوێدە. دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل.
حکومەتی عێراق بە "تووندی" سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوێد دەکات، هۆشداری لە ئەنجامە "نەرێنییەکانی" دەدات و دەڵێت، "پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە."
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "حکومەتی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکات کە ئەمە چەندینجارە لەلایەن کەسانی دەروون نەخۆش و تووندئاژۆوە بە ئاشکرا و پڕ لە رق و کینە ئەم کارە دەکرێت، وەک ئاڵنگارییەک بۆ هەموو بەها جوان و مرۆییەکان کە هانی رێزگرتن لە ئایینەکان و کتێبە پیرۆزەکان دەدات."
حکومەتی عێراق پێیوایە: "ئەم کارە قێزەونە کە هەستی ملیۆنان موسڵمانی ئازارداوە، بێڕێزییشە بە خودی گەلانی رۆژئاوا کە هەمیشە شانازی بە لەخۆگرتنی فرەیی، رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئەوانی دیکە، پاراستنی ئایینەکان و مافی پەیڕەوکەرانی دەکەن." دەشڵێت: "ئەوە کردەوەیەکی رەگەزپەرستی و هاندانی تووندوتیژی و رق و کینەیە."
حکومەتی عێراق داوا لە حکومەتە پەیوەندیدارەکان دەکات "دەستپێشخەری بکەن و درێژەدان بەو کارە خراپانە رابگرن کە هەمووان بەرەو ئەنجامێک دەبات کە کەس خوازیاری نین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ