رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی عێراق هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڤاکسینکردنی ئاژەڵان دژی نەخۆشیی تەبەق دەستپێدەکات. هەڵمەتەکە 43 رۆژ بەردەوام دەبێ و هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
هەڵمەتەکە بەخۆڕاییە و تێیدا مانگا، گامێش، مەڕ و بزن دژی نەخۆشی تەبەق ڤاکسین دەکرێن. هەڵمەتەکە لە 01-07 تاوەکو 12-08-2024 بەردەوام دەبێت.
تەبەق نەخۆشیەكی ڤایرۆسییە، تووشی ئاژەڵە سمدارە دوو لەتەكان دەبێت و ژێر سمی ئاژەڵەكە بریندار دەكات. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، نەخۆشی تەبەق خێراترین نەخۆشی ڤایرۆسییە بۆ بڵاوبنەوە لەنێو ئاژەڵاندا.
لە عێراق زیاتر لە 16 ملیۆن و 400 هەزار مەڕ؛ ملیۆنێک و 300 هەزار بزن؛ ملیۆنێک و 800 هەزار مانگا؛ 462 هەزار گامێش و زیاتر لە 200 هەزار وشتر هەن.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، هەڵمەتەکە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان.
د. مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی هەولێر، رۆژی شەممە، 29-06-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەڵمەتەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. هاوئانگییەکی ئەوتۆ لەگەڵ ڤێتێرنەری عێراق نییە و هاوکاری هەرێمی کوردستان ناکەن".
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی هەولێر رایگەیاند، ساڵانە لە هەرێمی کوردستاندا دووجار ئاژەڵان دژی ئەو نەخۆشییە ڤاکسین دەکرێن کە لە وەرزەکانی بەهار و پایزدایە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، نووسراویان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە تاوەکو ڤاکسینی پێویستیان بۆ دابین بکەن.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی شەش ملیۆن ئاژەڵی گەورە و بچووک هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ