رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لەوانەی پێشتووتر یان ئێستا پەرلەمانتارن، بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق دووبارە بەربژێرن. بزووتنەوەی گۆڕان بە هەردوو ئاراستەکە هیچ بەربژێرێکی نییە. پارتی زۆرترین پەرلەمانتاری ئێستا و پێشووی بەربژێر کردووە، یەکگرتووش هەر چوار پەرلەمانتارەکەی ئێستای لە پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو بۆ لیستی بەربژێری حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 45 پەرلەمانتاری ئێستا یان پێشووی پەرلەمانی کوردستان و عێراق بەربژێرن. بەشی زۆری سەرۆکی لیستی حیزبەکانیان لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان پەرلەمانتارن یان پەرلەمانتار بوون.
پارتی زۆرترین پەرلەمانتاری بەربژێرکردووە
پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆرترین بەربژێری هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک لیستەکانیشی ئێستا یان پێشوو پەرلەمانتار بوون.
سەرۆک لیستەکانی پارتی:
- رێبوار هادی، سەرۆکی لیستی پارتی لە هەولێر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
- فەرهاد ئەتروشی، سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی دهۆک، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق
- شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی کەرکووک، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
- ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی سلێمانی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
پارتی لە هەولێر تەنیا یەک پەرلەمانتاری بەربژێر کردووە، کە سەرۆکی لیستەکەشە، لە دهۆک، جگە لە فەرهاد ئەترووشی، نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقی بەربژێر کردووەتەوە.
لە نەینەوا، 8 پەرلەمانتاری ئێستای پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەربژێرن، ئەوانیش کاڤین سەعید، مەحما خەلیل، غازی خەلیل، ڤیان دەخیل، ماجید شنگالی، توعمە لهێبی، ئیخلاس دلێمی و شێروان دووبەردانی. هەروەها خالیدە خەلیل، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق بەربژێر کراوەتەوە.
پارتی لە نەینەوا سەرۆک لیستی نییە. شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، کە بەربژێریشە لە سنووری بازنەی نەینەوا بە (رووداو)ی راگەیاند: "لە نەینەوا سەرۆک لیستمان نییە، بە تیر و پشک نوور خالید بووە ژمارە یەکی لیستەکەمان لە نەینەوا، کاک نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا سەرپەرشتیاری لیستەکەمانە."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، کە سەرۆکی لیستی پارتییە لە کەرکووک، نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری ئێستای پارتی، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەربژێرە.
لە سنووری بازنەی سلێمانی، جگە لە ئەشواق جاف، شوان کەلاری، ئەندامی ئێستای فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بەربژێر کراوەتەوە.
یەکێتی 9 پەرلەمانتاری ئێستا و پێشووی بەربژێر کردووەتەوە
هاوشێوەی پارتی، یەکێتیش زۆربەی سەرۆک لیستەکانی، ئێستا یان پێشوو پەرلەمانتار بوون. هەروەها یەکێکیشیان وەزیر بووە.
سەرۆک لیستەکانی یەکێتی:
- هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە هەولێر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
- رێبوار تەها، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە کەرکووک، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
- د. رێکەوت حەمەڕەشید، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە سلێمانی، وەزیری پێشووی تەندروستیی هەرێمی کوردستان
- ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە دهۆک، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
یەکێتی ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێستای و رابردووی بەربژێر کردووەتەوە، بە تایبەتی لە سلێمانی، لەوانەش، د. نەرمین مەعرووف، سروە محەممەد، د. بڕیار رەشید و غەریب ئەحمەد، ئەندامانی ئێستای پەرلەمانی عێراق و سامان فەوزی، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق.
هەروەها دیلان غەفوور ساڵح، پەرلەمانتاری ئێستای یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە بازنەی کەرکووک بەربژێر کراوە.
کۆمەڵ سێ پەرلەمانتاری پێشووی بەربژێر کردووەتەوە
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کە یەک کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، سێ پەرلەمانتاری پێشووی بەربژێر کردووەتەوە.
محەممەد حەکیم، کە سەرۆکی لیستی کۆمەڵە لە بازنەی سلێمانی، ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان و نەجیبە لەتیف، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێرن و یەکەمیان سەرۆکی لیستە.
هەر لە بازنەی سلێمانی، ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق بەربژێرە. ئەحمەد حاجی رەشید، لە هەڵبژاردنی 2021یش بەربژێر بوو، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بازنەی هەولێر، کەسێکی تورکمانی بەربژێر کردووە، ئەویش کازم یاوەرە، کە لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراقدا بەربژێری بەرەی تورکمانی بوو، بەڵام دەرنەچوو.
گۆڕان لیستی نییە و پەرلەمانتارەکانی پێشووی دابەش بوون
بزووتنەوەی گۆڕان بە هەردوو ئاراستەکەیەوە (گردی زەرگەتە و گەڕەکی کوردسات) لیستیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نییە، بەڵام پەرلەمانتارانی پێشووی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق بەسەر لیستەکانی دیکە دابەش بوون.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی دوو خولی پێشووتری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بەربژێری رەوتی هەڵوێستە لە بازنەی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
غالیب محەممەد، کە خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان بوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەرۆکی لیستی هەڵوێستە لە بازنەی سلێمانی. غالیب محەممەد لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق بەربژێر بوو، بەڵام دەرنەچوو.
بورهان رەشید گوڵە، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، بەربژێری بەرەی گەلە لە بازنەی سلێمانی. سروە عەبدولواحیدیش، کە پەرلەمانتاری پێشووتری گۆڕان بوو لە پەرلەمانی عێراق، بەربژێری نەوەی نوێیە لە بازنەی سلێمانی.
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند، بزووتنەوەکە بەهۆی کێشەی یاسایییەوە، کە ئەویش نەبەستنی کۆنفرانسە، ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات، بۆیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە لیستی نابێت.
نەوەی نوێ زۆربەی پەرلەمانتارەکانی بەربژێر کردووەتەوە
نەوەی نوێ، کە ئێستا 8 کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارەکانی لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان بەربژێر کردووە.
کاوە عەبدولقادر، کە ئەندامی خولی رابردوو و ئێستای پەرلەمانی کوردستانە، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێیە لە بازنەی هەولێر.
سروە عەبدولواحید، ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێیە لە بازنەی سلێمانی.
ئومێد محەممەد، ئەندامی ئێستای فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێیە لە بازنەی کەرکووک.
جگە لەو سێ سەرۆک لیستە، نەوەی نوێ هەر یەک لە رێبوار ئەورەحمان، موفەق حوسێن و ئاریان تاوەگۆزی، پەرلەمانتارانی ئێستای بزووتنەوەکەی لە پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووەتەوە، موژدە مەحموودیش، کە ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بوو، بەربژێری نەوەی نوێیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە.
یەکگرتوو هەر چوار پەرلەمانتارەکەی بەربژێر کردووەتەوە
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە ئێستا چوار ئەندامی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، هەر چواریانی بەربژێر کردووەتەوە.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی ئێستای فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیستی حیزبەکەیە لە بازنەی دهۆک. موسەننا ئەمین و دارا سێکانیانی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، بەربژێری یەکگرتوون لە بازنەی سلێمانی و یەکەمیان سەرۆکی لیستەکەشە لە سلێمانی. هەروەها عومەر کۆچەر، بەربژێری یەکگرتووە لە بازنەی دهۆک، کە ئەویش ئێستا پەرلەمانتارە.
جگە لەو چوار پەرلەمانتارە، ئوسامە جەمیل، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، سەرۆکی لیستی یەکگرتووە لە بازنەی هەولێر، شێرکۆ جەودەت، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، بەربژێری ئەو حیزبەیە لە بازنەی سلێمانی.
هەڵوێست سێ پەرلەمانتاری بەربژێر کردووە
رەوتی هەڵوێست، کە ساڵی 2024 دامەزراوە و بەشداری دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد، دوو پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتارێکی پێشووتری پەرلەمانی عێراقی بەربژێر کردووە.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتەکە و ئەندامی رەوتەکە لە پەرلەمانی کوردستانە، سەرۆکی لیستەکە لە بازنەی هەولێر. بەدەل بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی لیستی رەوتی هەڵوێستە لە دهۆک.
هەروەها غالب محەممەد، کە ساڵی 2018 تاوەکو 2021 ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان بوو لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیستی رەوتی هەڵوێستە لە بازنەی سلێمانی.
بەرپرسێکی رەوتی هەڵوێست بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاساییە پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە عێراق خۆی بەربژێر بکات، بەڵام کە دەرچوو تەنیا دەتوانێت لە یەکلایان دەوام بکات و دەبێت لە لایەکەی دیکە دەستلەکاربکێشێتەوە."
شیوعی چاوی لە کۆتای هەولێرە
حیزبی شیوعی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستی نییە، بەڵام پشتگیری بەربژێرێکی کریستیان بە ناوی سائیرە یوسف عوسمان دەکات، کە بە کۆتا لە سنووری پارێزگای هەولێر خۆی بەربژێر کردووە.
لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکانە، کە یەکك لەو کورسییانە بۆ کۆتای کریستیانە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
هیوا عومەر، جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، بە رووداوی گوت: "ئێمە لەگەڵ لیستێکی کوردستانی بووین، بەڵام لایەنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن، بۆیە بڕیارمان دا لیستمان نەبێت، بەڵکو پشتگریی بەربژێرێکی کۆتای کریستیان دەکەین لە بازنەی هەولێر."
جێگری سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا ئەوان ئەزموونیان لە پاڵپشتی کۆتایی کریستیان هەیە و گوتی: "لە هەڵبژاردنی خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق پشتگیری کۆتای کریستیانمان کرد و دەرچوو."
لە بازنەی هەولێر جگە لە سائیرە، دوو بەربژێری دیکەش بە ناوەکانی كلدۆ رەمزی هورمز و ئاکوب كریكور ئاكوب کێبڕکێ لەسەر تاکە کورسیی کۆتای کریستیان لە بازنەی هەولێر دەکەن.
لە هەولێر و سلێمانی 6 بەربژێری سەربەخۆ هەن
جگە لە بەربژی حیزبەکان، لە سنووری بازنەکانی سلێمانی و هەولێر، 6 کەس وەکو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر کردووە. لە هەولێر رەعد رەفعەت و ڤینۆس کەریم، لە سلێمانیش کاوە لەتیف، دڵشاد محەممەد، هاوار مستەفا خان و ئاکام عەبدوڵڵا خۆیان بەربژێر کردووە.
"دەموچاوە دووبارەکان کاریگەرییان لەسەر دەنگدەر دەبێت"
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، کە چاودێری پەرلەمان و هەڵبژاردن دەکات پێیوایە چەند هۆکارێک هەن بۆ بەربژێرکردنەوەی پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشوو لەلایەن حیزنەکانیان.
سەروەر عەبدولڕەحمان بە رووداوی گوت: "هەندێک لەو بەربژێرانە بابەتەکەیان قۆرخ کردووە، تەنیا دەبێ ئەوان یان کەسوکاریان بەربژێر بن، جگە لەوەش رەنگە حیزبەکان کەسی بە ئەزموونیان دەست نەکەوێ، بۆیە پەنا بۆ ئەو کەسانە دەبەنەوە."
هۆکارێکی دیکەش بە بڕوای سەرۆکی دامەزراوەی پەی، ئەوەیە کە حیزبەکان متمانەیان بە هەموو کەسێک نییە، بۆیە پەنا دەبەنەوە بەر پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشوو.
بەبڕوای سەروەر عەبدولڕەحمان، دەموچاوی دووبارە کاریگەریی لەسەر بەشداریی خەڵک لە دەنگدان دەبێت و رێژەی بەشداری لە دەنگدان کەمدەکاتەوە.
سەرۆکی دامەزراوەی پەی دەپرسێت: "خەڵک دەپرسێت ئەو پەرلەمانتارە چەند خولە لە پەرلەمانی عێراق بووە، چی کردووە تاوەکو دەنگی پێ بدەم، یان پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی کوردستان 8 مانگە پەرلەمان کۆنەبووەتەوە و هەڵوێستی نەبووە، لە پەرلەمانی عێراق چی بۆ ئەو دەنگدەرە دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ