رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق 8 ئەفسەر و پۆلیسی لە نەجەف بە بەندکردن و دەرکردن لە خزمەت سزا دا، بەهۆی "کەمتەرخەمییان" لە هەڵاتنی سێ حوکمدراوی نەوجەوان لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئەو شارە.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی هەڵاتنی سێ حوکمدراو لە یەکێک لە گرتووخانەکانی نەجەف بڵاوکردەوە و ناو و ئاستی سزای ئەو ئەفسەر و پۆلیسانەشی ئاشکراکرد کە بە تۆمەتی کەمتەرخەمی لەو رووداوە تۆمەتبار کرابوون.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، "دەرکەوتووە کەمتەرخەمی و ئاسانکاری لەلایەن هەندێک ئەفسەر و کارمەندەوە هەبووە، هەر بۆیە رەوانەی دادگەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراون. دوای لێکۆڵینەوەکان، دادگەکە 29ـی حوزەیرانی 2025، بڕیاری سزادانەکانی دەرکردووە".
سزای ساڵێک بەندکردن و دەرکردن لە خزمەت بۆ هەریەک لە عەقید بیلال عەلائەدین حوسێن و موقەدەم محەممەد رازی مەهدی دەرکراوە، ئەوەش بەهۆی "کەمتەرخەمییان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا کە بووە هۆی هەڵاتنی سێ راگیراوەکە". هەروەها سزای 6 مانگ بەندکردن و دەرکردن لە خزمەت بۆ ملازم باقر محەممەد عەلی دەرکراوە.
شەوی 19ـی حوزەیرانی 2025، ئەو سێ بەندکراوە لە بنکەی پۆلیسی نەوجەوانانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف هەڵاتوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە نەجەف بە رووداوی گوتی: "ئەو سێ تۆمەتبارە حوکمدراو بوون و تەمەنیان کەمتر بووە لە 18 ساڵ، رۆژی دوای هەڵاتنیان دەستگیرکرانەوە".
دادگەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سزای ساڵێک بەندکردن و دەرکردنی لە خزمەتی بۆ شناوە جابر حوسێن، دەرکردووە کە پلەى رێگەپێدراوە، هەروەها هەریەک لە مستەفا فازڵ جابر و عەلی حامد عەبدولحوسێن، کە پۆلیسی گرێبەست بوون، بە شەش مانگ بەندکردن و دەرکردن لە خزمەت سزا دراون.
هاوکات جاسم عەباس هەواس، کە رێگەپێدراوى پۆلیس بووە، بە دوو ساڵ بەندکردن و دەرکردن لە خزمەت و سەرحان وەرد جاسم، کە هەمان پلەى هەبووە بە سێ ساڵ بەندکردن و دەرکردن لە خزمەت سزا دراون.
ئەو سێ نەوجەوانەی لە نەجەف هەڵاتبوون، لەسەر تاوانی کوشتن و دزیکردن سزای بەندکردن درابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ