رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و مووچە دەستپێکرد. رووداو زانیاریی لەبارەی داواکارییەکانی هەردوولا بڵاودەکاتەوە و ئاماژەکان بۆ "لێکنزیکبوونەوە" هەن، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، داواکارییەکانی بەغدا بریتییە لەوەی هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ رادەست بکات، لەگەڵ 130 ملیار دینار داهاتی نانەوتی. لە بەرامبەردا، شاندی هەرێمی کوردستان داوای ناردنی مووچەی فەرمانبەران، دابینکردنی کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی ئەو نەوتەی رادەستی دەکات، هەروەها دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو رادەیەک لێکنزیکبوونەوە لەنێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام دەدرێت.
کازم شەمەری، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "داوا لە هەولێر و بەغدا دەکەین بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات لەبەرچاو بگرن. پێویستە بگەنە رێککەوتنێک هەم مافەکانی دەوڵەتی عێراق بپارێزێت و هەم دڵنیایی بدات لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بە گرێکوێرەی سەرەکیی کردنەوەی دەرگەی ناردنی مووچە دادەنرێت. بەهائەدین نووری، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "هەموو کێشەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بۆیە ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەر بکرێت، بە دڵنیاییەوە زۆرێک لە کێشەکانی دیکە، لەنێویاندا کێشەی مووچە، چارەسەر دەبن."
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەدەر لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان، نەیتوانی بەردەوام بێت و جارێکی دیکە پرسی مووچە بە هەناردەکردنی نەوت و رادەستکردنی داهاتەکانەوە گرێدراوەتەوە. ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەیە ئەم گەڕەی دانوستانەکان بتوانێت رێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە واژۆی سۆمۆوە بگەڕێتەوە بازاڕەکانی جیهان و لە بەرامبەریشدا مووچەی فەرمانبەران بەبێ بیانۆی جۆراوجۆر رەوانە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ