رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی سەرەوەرى، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەخەکردنی رەوتی سەلەفییە مەدخەلییەکانی لە عێراق راگەیاند کە بەر لە دوو مانگ دەرکرابوو.
یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، هاوپەیمانیی سەروەرى لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە بڕیارێکی راوێژکارێتیی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کرد، کە تایبەتە بە پێداچوونەوە بە پۆلێنکردنی پێشووی یەکێک لە بزووتنەوە سەلەفییەکان و دەرهێنانی لە لیستی ئەو لایەنانەی وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی پۆلێنکرابوون.
ئەو هاوپەیمانێتییە دەڵێت: "ئێمە ئەم هەنگاوە بە ئاماژەیەک بۆ پەیڕەوکردنی رێبازێکی ئەمنیی بەرپرسیارانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکاندا دەزانین، هەروەها وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنیی ئەو داواکارییانەیە کە هاوپەیمانییەکەمان بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و بە پشتیوانیی ژمارەیەک لە سەرکردەی سیاسی و کەسایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی ئاراستەی کردبوون".
رۆژی 27ـی نیسانی 2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بڕیارێکی بۆ قەدەخەکردنی رەوتی مەدخەلییەکان دەرکرد، بەو پاساوەی ئەوەی "مەترسین بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی".
هاوپەیمانیی سەروەرى کە یەکێکە لە هێزە سوننەکانی عێراق، سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەکات بۆ "هەڵوێستە پاڵپشتیکارەکانیان بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پەرۆشییان بۆ پاراستنی ئازادییە ئایینییەکان". هەروەها ئەو هەنگاوە بە هۆکارێک بۆ پتەوکردنی بناخەکانی دەوڵەت و سیستمی گشتی و بەهێزکردنی متمانەی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە ناودەبات.
مەدخەلییەکان رەوتێکی سەلەفیی سوننەن و لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە سعودیە دروستبوون و ئەو رەوتە لە وڵاتانی ناوچەکە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ