وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەنگۆی بەقاچاخبردنی چەک لە سنووری سووریا رەتدەکاتەوە

29-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، ئاماژە بە بەدواداچوونیان بۆ ئەو بانگەشانە دەکات، کە باس لە بوونی بەقاچاخبردنی چەک لە سنووری نێوان عێراق - سووریا دەکەن و دەڵێت، "بێ بنەمان."
 
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، "بە هەموو شێوەیەک ئەم تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، کە پشتیان بە هیچ بەڵگەیەکی راستەقینە نەبەستووە." جەختیش لەوە دەکاتەوە، "سنوورەکانی عێراق - سووریا بە یەکەی بەهێز و زنجیرەیەک بنکەی سەربازی و سیستمێکی چاودێریی بەتوانا پارێزراون."
 
بەگوێرەی وەزارەتەکە، سنوورەکانی عێراق، "بە هەوڵی مەیدانی و هەواڵگریی ئاستبەرزی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەڕێوەدەبرێن، کە کۆنترۆڵی تەواوی هێڵی سنوورییان کردووە و رێگری لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی یان هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەریی وڵات دەکەن."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، دەنگۆکان "لە یەکێک لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکانی کەناڵێکی ئاسمانی بڵاوکراونەتەوە."
 
وەزارەتی ناوخۆ دووپاتیشی کردووەتەوە، "لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکان لەم بارەیەوە هیچ حاڵەتێکی دزەکردن یان بەقاچاخبردنیان لە سنووری سووریاوە لە ماوەی رابردوودا تۆمار نەکردووە."
 
بە گوتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، "بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بانگەشە چەواشەکارانە بەبێ نیشاندانی بەڵگە، تەنیا خزمەت بەو ئەجێندایانە دەکات، کە هەوڵی شێواندنی رای گشتی و کەم نیشاندانی هەوڵی دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەت دەدەن."
 
دەشڵێت، "هەموو رێکارێکی یاسایی بەرامبەر بەوانە دەگرێتەبەر، کە ئەم جۆرە درۆیانە بڵاودەکەنەوە."
 
عێراق لەگەڵ لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر سنووری هەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە