ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا: نووری مالیکی نەشتەرگەری بۆ کراوە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە

29-07-2025
مالیک محەممەد
نووری مالیکی،  سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نووری مالیکی گەیێندرایە نەخۆشخانەیەکی بەغدا و دەنگۆی تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ بڵاوکرایەوە، کەسێکی نزیکی دەڵێت، نەشتەرگەری بۆ کراوە و تەندروستی جێگیرە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، ساحب بەزوون حەسناوی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کەسی نزیکی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ، نەشتەرگەریی قەستەرە و باڵۆن بۆ بەڕێز نووری مالیکی کرا و نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی تەواوبوو."
 
بە گوتەی ساحب بەزوون، تەندروستیی نووری مالیکی جێگیرە و گوتیشی، "کەمێک پێش ئێستا نەخۆشخانەی بەجێهێشت و ئێستا لە ماڵی خۆیەتی."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، دەنگۆی تووشبوونی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە جەڵتەی دڵ بڵاوبووەوە، بەڵام نووسینگەکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەکەی، نوورى مالیکى پشکنینى پزیشکى لە نەخۆشخانەى ئیبن بەیتار لە بەغدا کردووە.
 
نووری مالیکی کێیە؟
 
- نووری کامیل مالیکی، ناسراو بە جەواد مالیکی
- ساڵی 1950 لە قەزای هیندیەی پارێزگای بابل لە دایکبووە
- لە کۆتایی شەستەکان پەیوەندی بە حیزبی دەعوە کردووە
- ساڵی 1980 بەهۆی گوشاری حیزبی بەعسەوە عێراقی جێهشتووە
- ماوەیەکی زۆر لە سووریا و ئێران ژیاوە
- ساڵی 2003 گەڕایەوە عێراق
- ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم بووە
- ساڵی 2006 بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق
- ساڵی 2010 بۆ جاری دووەم بە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵبژێدرایەوە
- ئێستا سەرۆکی حیزبی دەعوە و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە