ئەندامێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ نەکردووە

29-07-2025
شیراز رەئوف
عەلی فەتلاوی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
عەلی فەتلاوی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت: تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی لە دۆسیەی نەوت و داهات و بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران جێبەجێ نەکردووە و پێویستە بە زووترین کات مووچەی مووچەخۆران بە ئەلیکترۆنی بکرێت و سەرجەم داتای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو مووچەخۆرانی دیکەی عێراق رادەستی وەزارەتی دارایی بکرێت.
 
عەلی فەتلاوی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح و ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی دوایین پێشڤەچوونی لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا و پرسی نەوت و مووچە گوتی: هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە، لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا لەسەر هەرسێ بنەمای رادەستکردنی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان و بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی داتا و زانیارییەکانیانە بە وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لەم پابەندییانە جێبەجێ نەکراوە.
 
ئەو ئەندامەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت: "بەغدا باوەشی کردووەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و پێویستە برایانی کوردیش شەفاف و نەرمتر مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکەن، چونکە بەردەوامی گرژییەکان بە زیانی هەردوولا دەشکێتەوە و هیچ کەس تێیدا سوودمەند نابێت."
 
لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7 و مانگەکانی دواتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش ئەندامەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی: "هەرچەند خێراتر بەجێکردنی مووچە تەواو بکرێت لە هەرێمی کوردستان و پابەندییەکان خێراتر جێبەجێ بکرێن، کێشەی مووچە زووتر چارەسەر دەبێت، ئێستا حکومەتی فیدراڵی نیازپاکیی خۆی نیشانداوە و مووچەی مانگێکی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و چاوەڕێی هەنگاوی کرداریی هەرێمی کوردستانە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی."
 
"هەرێمی کوردستان دوژمنی هەیە"
 
لە بەرنامەکدا، عەلی فەتلاوی باسی لە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییانە کرد کە کێڵگە نەوتییەکان و فرۆکەخانە و ژێرخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج و گوتی، "تاوەکو ئێستا نازانین کێ ئەم هێرشە درۆنییانە ئەنجام دەدات."
 
ئەو ئەندامەی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان دوژمنی هەیە، پێویستە سەرەتا کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین، دواتر لەسەر ئەوە بوەستین کە کێ دەیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی بەربکەوێت و بەرهەمهێنانی رابوەستێت، چونکە ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوانەن کە دوژمنایەتییان لەگەڵیدا هەیە."
 
بە گوتەی فەتلاوی ئێستا دۆخی سیاسی عێراق بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن نائارامی تێکەوتووە و هەندێک لایەن باس لە بایکۆتی پرۆسەکە دەکەن، بەڵام ئەوە چارەسەری دۆخەکە ناکات و هەڵبژاردن لە بنەمادا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانە و دەڵێت، "موقتەدا سەدر وەکو مافێکی دیموکراسی خۆی بڕیاریداوە بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن نەکات، بەڵام بایکۆت و بەشداریی نەکردنی هەڵبژاردن چارەسەری دۆخ و قەیرانەکان ناکات."
 
فەتلاوی گوتیشی، هێشتا نازانرێت سەدرییەکان دەنگ بە کێ دەدەن لە هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەوەی کە روونە ئەوەیە محەممەد شیاع سوودانی نزیکترین کەسە لە موقتەدا سەدر.
 
"لایەنی کوردی دەخوازن بێنە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی"
 
لە بارەی ئایندەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەتایبەت دوای هەڵبژاردن عەلی فەتلاوی پێیوایە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای ئەم هەڵبژاردنەش هەر بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و دان بەوەشدا دەنێت کە (لایەنی کوردستانی) هەن خوازیاری ئەوەن بچنە نێو هاوپەیمانێتییەکە، بەڵام وردەکارییەکەی ئاشکرا نەکرد.
 
"بە دڵنیاییەوە لایەنی کوردی هەن دەخوازن بێنە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵام جارێ گفتوگۆکان بە رژدی نەکراون و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش خوازیارە هەموو لایەنە عێراقییەکان ببنە بەشێک لە چوارچێوەکە، چونکە لە چەند کابینەی رابردووی حکومەتی عێراق بینیمان کە پۆستی سەرۆکوەزیران بە رێککەوتن و سازانی سیاسی یەکلایی دەکرێتەوە و بە دڵنیایی دوای ئەم هەڵبژاردنەش هەر بەوشێوەیە دەبێت پۆستەکان یەکلایی بکرێنەوە" عەلی فەتلاوی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ وای گوت.
 
ئەو گوتانەی عەلی فەتلاوی لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوو تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کرد تیمە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو، چارەسەرکردنی کێشەی تێپەڕاندنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق تاوتوێ دەکەن، کە پێشنیاز دەکرێت تاوەکو هەفتەی داهاتوو کارەکانیان تەواو بکەن و ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران بەستراوەتەوە بە رادەستکردنی نەوتەوە و بڕی داهاتی رادەستکراوی مانگی تەممووز گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تێپەڕاندنی پشکی هەرێمی کوردستانیش چەند سیناریۆیەک تاوتوێ دەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.