هاتووچۆی عێراق ژمارەی کارمەندانی لەسەر رێگەکانی هاتنی زیارەتکارانی شیعە زیاد دەکات

29-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق هۆکاری رووداوەکانی هاتووچۆی ئەم دواییانەی زیارەتکاران بۆ بەجێگەیاندنی چلەی ئیمام حوسێن بۆ پابەندبوونی شوفێران بۆ خێرایی دیاریکراو دەگەڕێنێتەوە لە رێگەکانی خێرا و دەرەوە. بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاتووچۆش هێزەکانیان لەسەر رێگە خێراکان زیاد دەکەن.
 
زیاد قەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق رۆژی 29ی ئابی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شوفێران پابەندی خێرایی دیاریکراو نابن، زۆر بە خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان لێدەخوڕن."
 
زیاد قەیسی گوتی، لەسەر راسپاردە و بڕیاری وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ، هێزەکانی پۆلیسی هاتووچۆیان لە رێگە خێراکان زیاد کردووە، رێکاری تووندیش هەیە بۆ ئەوانەی سەرپێچی دەکەن، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 29-08-2023 لەسەر رێگەی خێرای پارێزگای زیقار رووداێکی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە و هاووڵاتییەکی عێراقی گیانی لەدەستدا و شەش زیارەتکاری ئێرانی بریندار بوون، کە تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە.
 
رۆژی دووشەممەش لەسەر رێگەیەکی پارێزگای واست پاسێکی زیارەتکارانی شیعەی ئێران وەرگەڕا، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش بریندار بوون.
 
ریاز عگێلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای واست رۆژی دووشەممە 28-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاسەکە لەسەر رێگەی قەزای عەزیزییە وەرگەڕاوە.
 
هەر رۆژی دووشەممە 28-08-2023 عەمید مەیسەم جبووری، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی سۆمەر لە پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 3:30ی پاشنیوەڕۆیپاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەگەڵ بارهەڵگرێکدا لەسەر رێگەی خێرای نێوان ناسریە و پارێزگای موسەنا تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون، بەهۆیەوە حەوت زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 30ی دیکەشیان بریندار بوون."
 
ئیمامی حوسێن، کوڕی ئیمامی عەلی، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلامە، ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن. ساڵانە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە، سەردانی عێراق دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمیسیۆن

کۆمیسیۆن بۆ رووداو: داواکاریی دامەزراندنی 26 پارتی سیاسیمان رەتکردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، داواکاریی دامەزراندنی 26 پارتی سیاسی رەتدەکاتەوە و بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش هۆکارەکەی بۆ تەواونەکردنی رێکارە یاساییەکان گەڕاندەوە.