رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەردانێک گەیشتە شاری بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی چەند دۆسیەیەک دەکەن.
نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئابی 2023 عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازیی لە ئەحمەد وەحیدی هاوتا ئێرانییەکەی و شاندی یاوەری کرد.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری ناوخۆی ئێران و شاندی یاوەری لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیە کە جێگەی بایەخی هەردوولان.
سەردانی وەزیری ناوخۆی ئێران لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە 28ی ئابی 2023 ، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 28-08-2023 لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق رێککەوتووین لەسەر چەکداماڵینی گرووپە تیرۆریستییەکانی کوردستانی عێراق و داخستنی بارەگا سەربازییەکانیان."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد، "ئەگەر رێککەوتنەکە لە وادەی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەرپرسیارێتیی خۆمان بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییەکانی کوردستانی عێراق جێبەجێ دەکەین."
لە وەڵامدا، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی دووشەممە 28-08-2023 لە تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا هاتووە: "رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەک داماڵین و لابردنی سەربازگەکان، پابەندبوونەکانی خۆشی جێبەجێ کردووە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوە بریتییە لەوەی نابێت عێراق لایەنێک بێت لە زیانگەیاندن بە دراوسێکانی. سەروەریی عێراق پێویستی بە لێکتێگەیشتنی ئەمنییە، بۆ پاراستنی سنووری عێراق لە هەر پەلامارێک."
رۆژی 19ی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆ کرد کە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی شەمخانی لەلایەنی ئێرانی واژۆی لەسەر کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆ گرتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ