راپۆرتێک: کەمئاوی لە عێراق تووندوتیژی بەدوای خۆیدا دەهێنێت

29-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی هاریکاریی ئاو، ئاشتی و ئاسایش (WPS) نوێترین راپۆرتی چارەکی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە ناوچە گەرمەکانی جیهان کراوە، کە بەهۆی کەمیی ئاوەوە رووبەڕووی مەترسیی تووندووتیژی دەبنەوە. راپۆرتەکە بە وردی باس لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بەڕێوەبردنی خراپ و کەمیی ئاو دەکات لەسەر ناسەقامگیری لە وڵاتانی وەک عێراق، ئەفغانستان، ئێران، هیندستان و پاکستان، لەگەڵ چەندین ناوچەی دیکە.
 
عێراق؛ کەمترین یەدەگی ئاو لە هەشتا ساڵدا
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، عێراق ئێستا رووبەڕووی سەختترین قەیرانی ئاو بووەتەوە لە ماوەی 80 ساڵی رابردوودا. داتا فەرمییەکان دەریدەخەن، ئاستی یەدەگی ئاوی عێراق گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە 80 ساڵدا.
 
حکومەتی عێراق دەستپێشخەرییەکی نوێی ئاوی راگەیاندووە بۆ پاراستنی رووبارەکانی دیجلە و فورات؛ ئەم دەستپێشخەرییە چەندین رێوشوێنی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە زیادکردنی توانای شیرینکردنی ئاو، بەکارهێنانی سیستمی زیرەکی بەڕێوەبردنی ئاو وەکو پێوەری زیرەک و سیستمی دۆزینەوەی دزەکردن.
 
بەڵام، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کێشەی جیددی بەردەوامە بەهۆی سنووردارکردنی رێڕەوەکانی سەرەوەی رووبارەکان لەلایەن تورکیاوە، کە زیاتر دەستڕاگەیشتنی عێراق بە ئاوی رووبارەکان کەم دەکاتەوە.
 
WPS پێشبینیی بەردەوامیی ململانێ لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەکات. پێشبینییە کورتخایەنەکانیش ئاماژە بە زیادبوونی تووندووتیژی لە پارێزگای میسان دەکەن، بەتایبەتی لە شاری عەممارە.
 
داتاکانی مانگە دەستکردەکان لە نیسان تاوەکو ئایاری 2025 نیشانی دەدەن کە ئاستی ئاو لە بەنداوەکاندا لە خوار ئاستی ئاساییە، ئەوەش وێنەیەکی روون لە خراپبوونی ئاسایشی ئاوی عێراق نیشان دەدات.
 
ئێران
 
لە راپۆرتەکەدا هۆشداری لەبارەی قەیرانی ئاو لە تاران دراوە و ئاماژە بەوە کراوە، دەکرێت لە چەند هەفتەیەکی داهاتوودا، تاران بێ ئاو بێت.
 
کاربەدەستان پێشتر پێدانی ئاویان بە نزیکەیی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە زۆر لە دانیشتووان پشت بە تەنکەر و تانکییەکانی کۆکردنەوەی ئاو ببەستن. حکومەتی ئێران ته‌نانه‌ت چەند جارێک بەهۆی کەمیی کارەبا و ئاوەوە لە تاران پشووی راگەیاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە