رووداو دیجیتاڵ
گرووپە سیاسییەکانى نزیک لە حەشدی شەعبی لە عێراق، هاوپەیمانیی "نەبنی" رادەگەیێنن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە لە نۆ لایەن پێکدێن.
بڕیارە ئێوارەی رۆژی شەممە، 30ـى ئەیلوولی 2023، هاوپەیمانیی "نەبنی" بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، ئەمیندارى گشتیى رێکخراوى بەدر رابگەیێندرێت.
ئەو نۆ لایەنەى کە پێکهێنەرى هاوپەیمانێتییەکەن بریتین لە: رێکخراوی بەدر، گردبوونەوەی ئیقتیداری نیشتمان بە سەرۆکایەتیی عەبدولحوسێن عەبتان، هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری بە سەرۆکایەتیى ئەحمەد ئەسەدی. عەقدی وەتەنی بە سەرۆکایەتیی فالح فەیاز، بزووتنەوەی ئیرادە بە سەرۆکایەتیی حەنان فەتلاوی، سادیقون بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى گشتیى عەسائیبی ئەهلى حەق، مونتەسیرون بە سەرۆکایەتیی ئەبو ئالا وەلائی، بزووتنەوەی "سدق و عەتا" بە سەرۆکایەتیی حەیدەر مزهر و بزووتنەوەی بینا بە سەرۆکایەتیی جەواد رەحیم ساعدی.
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت کە یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگاکانى عێراق و یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
رۆژی 3ـى ئابى 2023، پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایانکرد، بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بە زیاتر لە لیستێک بەشداری دەکەن، بەڵام لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی سنوورى کەرکووک، دیالە، سەڵاحەدین و نەینەوا یەک لیستن.
38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن؛ 70 بەربژێرى سەربەخۆ و 5925 بەربژێرى دیکە لەنێو لیستى هاوپەیمانێتى و پارتەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ