رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری دیالە رایگەیاند، دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت و گوتی "داوامان لە پەرلەمانتارانی سنوورەکە کردووە پاڵپشتی لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بکەن".
کەریم عەلی، جێگری پارێزگاری دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دۆخی ئەمنی پارێزگای دیالە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت، چەکدارانی داعش بەشێوەی مەفرەزە دەستیان بە کوشتن و هەڵکوتانە سەر ماڵان کردووە و ئەو هێزە ئەمنیەشی لە سنوورەکە هەیە توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەی نییە، بۆیە لە پارێزگاوە داوامان لە پەرلەمانتارانی عێراق کردووە، پاڵپشت و هاندەربن بۆئەوەی بە هاوئاهەنگی هێزە عێراقییەکان، پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی کە پێش ساڵی 2017 کۆنترۆڵی کردبوون".
جێگری پارێزگاری دیالە ئاماژەی بەوەش کرد "داعش توانای کۆنترۆڵکردنی هیچ شار و شارۆچکەیەکی نەماوە، بۆیە بە مەفرەزە کردەکانی ئەنجامدەدات و لە خانەقین، شارەبان، قەرەتەپە، حەمرین، گوڵاڵە و چەند ناوچەیەکی دیکە رۆژانە کردەی تووندوتیژی ئەنجامدەدەن و خەڵکی سڤیل دەکوژن".
دوێنێ چوارشەممە، لە شارۆچکەی شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، خێزانێکی پێنج کەسی لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژران، پارێزگاری دیالە رایگەیاند، بکوژەکان چەکداری داعش بوون.
هەروەها سەرەتای ئەم هەفتەیەش لە نزیک ناحیەی گوڵاڵە سێ ئەندامی خێزانێک لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ