لە بەغدا خوێندکارانی زانکۆ بۆ پاڵپشتیی غەززە خۆپێشاندان دەکەن

29-10-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
خوێندکارانی زانکۆ لە ناوچەی کازمییەی بەغدا خۆپێشاندانی پاڵپشتییان بۆ غەززە کرد؛ ئاڵای فەڵەستینیان بەرزکردەوە و دروشمی جۆراجۆریشیان بۆ پشتیوانیی غەززە گوتەوە.
 
محەممەد موخیف، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "سەرکۆنەی ئەو کردەوە وەحشییانە دەکەین کە ئیسرائیل دژی گەلی فەلەستین لە غەززە دەیکات، کە سیاسەتی سزادانی بەکۆمەڵ جێبەجێ دەکات لە بەرامبەر منداڵ و ژن و پیاو و ریش سپیی."
 
نەمیر سەبری، خۆپێشاندەر داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات، "دەستوەردان بکەن و گەلی ستەم دیدەی غەززە رزگار بکەن."
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی رابردوودا سێ ملیار دیناری بۆ مانگی سووری عێراقی تەرخانکرد بۆ هاوکاریکردنی دانیشتووانی غەززە و دابینکردنی دەرمان و خۆراک بۆیان.
 
یەکەم کاروانی هاوکاریی عێراق، کە 18 تۆن هاوکاریی مرۆیی و فریاگوزاری بوو، رۆژی 22-10-2023 لە رێگەی دوو فڕۆکەوە گەیێندرایە فڕۆکەخانەی عەریش لە میسر، بۆئەوەی دواتر لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە بگەیێندرێتە دانیشتووانی غەززە.
 
خۆپێشاندەرێک گوتی، "داواکاریی سەرەکیمان ئەوەیە بوارمان بۆ بکەنەوە تاوەکو ئەو گەنجانە بچنە فەڵەستین و هاوکارییان پێ بگەیێنن، چیان پێویست بێت بۆیان بکەن، دەرمان و چارەسەریان بکەن و خۆراکیان پێ بگەیێنن. ئێمە بۆ هەر کارێک ئامادەین کە قوتابیانی هەموو زانکۆکانی عێراقین، با سنوور بکەنەوە، خودی خۆم ئامادەی هەموو کارێکم، شەڕ یان هاوکاریی مادی بێت، بۆ هەر کارێک ئامادەین."
 
7ی تشرینی یەکەم چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی کتوپڕیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری غەززە، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل 1400 ئیسرائیلییان کوشتووە.
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل گەمارۆی ئاو، خۆراک و کارەبای بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاند و هێرشی ئاسمانیی تووندی کردە سەر، بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە هەشت هەزار کەس کوژراون، کە نزیکەی نیوەیان منداڵن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە