سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

29-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عومەر کروی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوورخرایەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "بۆ بەرژەوەندیی لایەنی خۆی و تاکڕەوانە مامەڵەی دەکرد، بۆیە دوورمان خستەوە."
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 29-10-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە ئامادەبوونی 9 ئەندام کۆبووەوە، تێیدا عومەر کروی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوورخستەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پشکی سوننەیە. عومەر مەعەن ساڵح کروی ئەندامی پارتی سیادەیە.
 
نزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجوومەن بۆ بەرژەوەندیی لایەنی خۆی کاری دەکرد و تاکڕەوانە مامەڵەی دەکرد، بۆیە لە پۆستەکەی دوورمان خستەوە."
 
لهێبی کە لە پارتی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسییە و یەکێکە لەوانەی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ناوی دێت، گوتی، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرگای خۆبەربژێکردنی کردوەتەوە و کێ زۆرترین دەنگ بهێنێت و دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەن.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە؛ حەوت سوننە و حەوت شیعە و نوێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. بڕیاردان بە پەنجا کۆ یەک دەبێت، بەوەش پێویستی بۆ نۆ ئەندامە.
 
دوای کۆبوونەوەکە سالم عەبدوڵڵا عەباس تەمیمی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە فەرمانی دوورخستنەوەکەی بە بڕیاری ژمارە 9 دەرکرد کە وێنەیەکی نووسراوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، رۆژی 29-10-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و تێیدا بە زۆرینەی رەها بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی عومەر مەعەن ساڵح کروی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری دیالە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوور

فەرماندەى پاسەوانى سنوورى عێراق: بستێکی سنوورەکەمان لەگەڵ سووریا نەماوە، کە بە کامێرا چاودێریی نەکرێت

ئەمڕۆ (دووشەممە، 2ـی کانوونى یەکەمى 2024) گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوور، کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانییان لە بەغدا ئەنجام دا بۆ روونکردنەوەى ئاستى پاراستنى سنوورى عێراق لەگەڵ سووریا.