کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان تانەیەکى حەلبووسی رەتدەکاتەوە

29-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تانەیەکى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى عێراقی رەتکردەوە، کە داوایکردبوو جێگرەوەکەى لە پەرلەمان لە پارتەکەى خۆى بێت.
 
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کە لە 27ى تشرینى دووەمى 2023 دەریکردووە، تانەیەکى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى هاوپەیمانیى تەقەدوومى رەتکردووەتەوە، کە داواى کردووە لەبرى خۆى کەسێکى دیکەى سەر بە هاوپەیمانێتییەکەى لە پەرلەمان ببێتە ئەندام.
 
رۆژی 14ی تشرینى دووەمی 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسیی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، لەبرى ئەو عیسا عیساوی دەبێتە ئەندامى نوێى پەرلەمانى عێراق، کە سەر بە هاوپەیمانیى عەزمە، کە یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانى پێکهێنەرى هاوپەیمانیى سەروەریى سوننە کە تەقەدووم تێیدا ئەندامە.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تانەکەى محەممەد حەلبووسی بۆ ئەوەى جێگرەوەکەى لە پەرلەمان لە هاوپەیمانێتییەکەى خۆی بێت، پێچەوانەى مادەى 26ى یاساى هەموارى سێیەمى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانە، کە لە ساڵى 2023 دەرکراوە و یاساکە بەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق جێبەجێ نابێت، کە لە 10ى تشرینى یەکەمى 2021 کرا، بۆیە لەو بازنەیەی حەلبووسی تێیدا بەربژێر بووە، کام بەربژێری دەرنەچوو زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، شوێنی حەلبووسی دەگرێتەوە.
 
هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق بە گوێرەى سیستمى فرە بازنەیى نێو یەک پارێزگا کرا، بەڵام بەگوێرەى هەموارى یاسای هەڵبژاردن، کە لە 26ى ئادارى 2023 کراوە، هەر پارێزگایەک دەبێتە یەک بازنەى هەڵبژاردن.
 
بەگوێرەى مادەى 26ى هەموارى سێیەمى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، ئەو یاسایە لە 26ى ئادارى 2023وە جێبەجێ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە