پەرلەمانی عێراق دەیەوێت 'هاوارکردن بەسەر دایک و باوکدا' بە تاوان بناسێنێت

30-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق یاسای سزادانى عێراقى هەموار دەکاتەوە و مادەیەکى بۆ زیاد دەکات، کە "هاوارکردن بەسەر دایک و باوکدا" بە تاوان دەناسێنێت، سزاکەشی بەندکردن و پێبژاردنە.
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە 111ی ساڵی 1969، کە لە 29-01-2024 لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، گۆڕانکارى لە مادەیەکى ئەو یاسایە دەکرێت، کە تایبەتە بە کێشەى نێو خێزان و مامەڵەکردن لەگەڵ باوک و دایکدا.
 
هەموارەکە لە مادەى 384 دەکرێت، کە وەکو مادەیەکى دووبارە بە هەمان ژمارەوە بۆ یاساکە زیاد دەکات و لە دوو بڕگە پێکدێت.
 
بەگوێرەى هەموارەکە، هەر کەسێک ئازارى دايك و باوكى بدات بە بێڕێزیکردن یان هاوارکردن بەسەریاندا، یان خۆبێبەریکردن، بەجێهێشتنیان یان هەر مامەڵەیەکى دیکەى لەو جۆرە، سزاى بەندکردن و پێبژاردن دەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزا دەدرێت.
 
بڕگەیەکى دیکەى ئەو هەموارە باس لەوە دەکات، دایک و باوک یان کەسێک کە لەڕووى یاساییەوە لەبرى ئەوان بێت یان هەرکەسێک کە ئاگادارى تاوانەکە بووبێت، دەتوانێت لەڕێگەى داواکارى گشتییەوە سکاڵا لەسەر ئەو تاوانە تۆمار بکات.
 
رۆژی 30-01-2024 دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو پرۆژەیاسایە لە حکومەتەوە نێردرا بۆ لیژنەى یاسایی و "ماوەیەکى زۆر گفتوگۆى لەسەر کرا."
 
دارا سێکانیانى گوتیشی، "سزاى بێڕێزیکردن بەرامبەر بە دایک و باوک بەگوێرەى ئەو هەموارەى یاسای سزادانى عێراق، لەلایەن دادوەرەوە دیاری دەکرێت، کە ماوەى بەندکردن و پێبژاردنەکە چەند بێت، بەگوێرەى ئاستى تاوانەکە دیاری دەکرێت یان سزاى تاوانێکى هاوشێوە دەدرێت."
 
لە هەموارەکەدا هاتووە، هۆکارى پێویستى ئەو هەموارە ئەوەیە، ئازاردانى دایک و باوک مەترسییە لەسەر سیستمى کۆمەڵایەتى.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە