رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى کوردى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن یان یاریدەدەرى پارێزگارى نەینەوا بۆ کورد دەبێت، دابەشکردنى پۆستەکانیش لە نێوان یەکێتى و پارتى پەیوەستە بە رێککەوتن لەسەر پۆستەکانى دیکە لە پارێزگا کودستانییەکانى دیکە.
رۆژی 30ی کانوونى دووەمى 2024، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى ئەهلى نەینەوا (یەکێتى) بە تۆرى میدیایی رووداوى رایگەیاند، بۆ حکومەتى خۆجێیی نەینەوا کورد وەک مافى هەڵبژاردن یەکێک لە دوو پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەن یان یاریدەدەرێکى پارێزگارى بەردەکەوێت.
هێزە سوننەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هاوپەیمانێتییان بە ناوی 'نەینەوای یەکگرتوو' پێکهێنا، کە لە 13 ئەندام پێکدێت، وەک گەورەترین کوتلەی نێو ئەنجوومەنەکە کە 29 کورسییە، بەو پێیە پۆستى پارێزگار بۆ ئەو هاوپەیمانێتیە دەبێت.
محەممەد کاکەیی ئاماژەى بەوەدا هێشتا ئەوە یەکلانەبووەتەوە کە ئەو پۆستەى یەکێکیان بۆ کورد دەبێت، بەر کام لایەن دەکەوێت ئەوە پەیوەستە بە رێککەوتنى نێوان یەکێتى و پارتى لە شارە کوردستانییەکانى دیکە، کە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى تێدا کراوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا چوار کورسی بەدەستهێناوە و یەکێتیش دوو کورسی، بەڵام لە کەرکووک یەکێتى پێنج کورسی و پارتى دوو کورسى ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکەى بەدەستهێناوە.
ئەندامەکەى یەکێتى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا ئاماژەى بەوەدا، هێشتا رێککەوتنى کۆتایی لە بارەى حکومەتى خۆجێیی نەینەوا نەکراوە و بەو هۆشەیەوە داواى پارێزگار بۆ یەکەم دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێى پارێزگا دواکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ