گومرگی عێراق 777 ئۆتۆمبێل دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا 777 ئۆتۆمبێلیان بەهۆی "تەواونەکردنی رێکارە یاساییەکان" گەڕاندووەتەوە هەرێمی کوردستان. هاوکات دەستیش بەسەر 32 ئۆتۆمبێلی دیکەدا گیراوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق کە رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026 بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 27ی کانوونی دووەمی 2026، لە رێگەی نووسینگەی گومرگی (سەد - دارەمان - چیمەن)، 777 ئۆتۆمبێل گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانە کەلوپەلی هاوردەکراوی تێدابوونە کە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان هێندراونەتە سنووری عێراق.
 
دەستەی گشتیی گومرگ دەڵێت، ئەو هەنگاوە "لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ پاراستنی ئابووریی نیشتمانی و رێگریکردن لە دەستکاری و قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان."
 
جگە لە گەڕاندنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە، گومرگی عێراق دەستی بەسەر 31 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا گرتووە کە کەلوپەلی جۆراوجۆریان بارکردبوو، لەوانە: (کەلوپەلی کارەبایی، مریشکی بەستوو، ئاسن، جلوبەرگ، خواردنەوە کحولییەکان، ئەلەمنیۆم و لاستیکی سیرامیک). دۆسیەکانیش بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی رەوانەی دادگە کراون.
 
هاوکات لە بازگەی باوە مەحموود، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا گیراوە کە بۆریی پلاستیکی هەڵگرتبوو، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە کێشی بارەکەی لەوە زیاتر بووە کە لە پسوولە فەرمییەکەدا تۆمار کرابوو.
 
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگى عێراق، رۆژی پێنچشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو ئەنجامانەی کارمەندانی دەستەکە لە ناوچە جیاوازەکان بەدەستیانهێناوە، جیددیەتیی دامەزراوەکەمان لە سەپاندنی سەروەریی یاسا بەسەر جووڵەی کاڵاکان و پاراستنی بازاڕی ناوخۆیی لە هەر کارێک کە زیان بە ئابووریی نیشتمانی بگەیێنێت، دووپاتدەکاتەوە."
 
سامر قاسم، گوتیشی، "ئێمە بەپێی دیدگەیەکی دامەزراوەیی کاردەکەین کە لەسەر بنەمای بەهێزکردنی چاودێریی گومرگی، پەرەپێدانی رێکارەکان و لەگەڵ لایەنە پاڵپشتەکان دامەزراوە، بەجۆرێک کە رەوتی بازرگانیی یاسایی مسۆگەر بکات، رێگری لە دەستکاریکردن و قاچاخچێتی بکات و ببێتە هۆی چەسپاندنی متمانە بە سیستمی کاری گومرگی وەک یەکێک لە پایەکانی ئاسایشی ئابووریی دەوڵەت."
 
ئەم هەڵمەتەی گومرگی عێراق دوای ئەوە دێت کە پێشتر حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر بنەمای راسپاردەکانی کۆبوونەوەی 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد.
 
بەگوێرەی بڕیارەکان، پێویستە گومرگی هەرێمی کوردستان و عێراق رێکارەکانیان یەکبخەن، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی "کۆدی سیل" بۆ گواستنەوەی کاڵا.
 
سیل، قوفڵێکە لەو بارانە دەدرێت کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە (لەگەڵ تورکیا و ئێران) هاوردە دەکرێن؛ نابێت ئەو قوفڵە بکرێتەوە تاوەکو دەگاتە بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی و پێویستە لە ماوەی 72 کاژێردا بگەیێندرێنە ئەو بازگانە.
 
هەروەها بەپێی رێکارەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەرپەرشتیی هاتووچۆی کاڵا لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە دەکات و چەند نووسینگەیەکی گومرگی لە بازگەکانی نێوان کەرکووک، هەولێر و سلێمانی دەگوازرێنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە