رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵی زیانلێکەوتووانی دەستی بەعس لە پەرلەمانی عێراقە و پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، داوا دەکەن قەرەبووکردنەوەکە هاونیشتمانییانی باشووری کوردستانیش بگرێتەوە.
کۆپییەکی پرۆژەیاساکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کە رۆژی 25ی ئاداری 2024 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد.
پرۆژەکە 11 مادە لەخۆدەگرێت. بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 8، پرۆژەکە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە 17ی تەممووزی 1968 تاوەکو 20ی ئاداری 2003 لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە زیانیان بەرکەوتووە. لە بڕگەی دووەمی هەمان مادەدا ناوی بەلەد و دوجێل هاتووە، کە دوو قەزای زۆرینە شیعەنشینن لە پارێزگای سەلاحەدین و ئاماژە بەوە کراوە، قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەیان کەم بووە.
کاتێک سەدام حوسێن لە 8ی تەممووزی 1982 سەردانی دوجێلی کرد، تەقەی لێکرا، دواتر بەو هۆیەوە 163 کەس لە دانیشتووانی قەزاکە کوژران و چەندین موڵک و ماڵ خاپوور کران و دەستیان بەسەردا گیرا.
بۆ قەرەبووکردنەوەکە، لیژنەیەک بەناوی لیژنەی لاوەکی لە هەر پارێزگایەک بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک و ئەندامێتیی نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی، داد و پارێزگاکە پێکدەهێندرێت. ئەرکی لیژنەکە بریتی دەبێت لە وەرگرتنی داواکاریی خەڵک و هەڵسەنگاندنی بڕی قەرەبووەکە.
هەروەها لیژنەیەکی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک و ئەندامێتیی نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی و داد پێکدەهێندرێت. ئەرکی لیژنەکەش بڕیاردان دەبێت لەو قەرەبووکردنەوەیەی کە لیژنە لاوەکییەکان بۆیان رەوانە دەکەن. ئەم لیژنەیە ناوی ئەو خێزانانە بۆ وەزارەتی دارایی بەرزدەکاتەوە کە بڕیارە قەرەبوو بکرێنەوە. ئەرکێکی دیکەی لیژنەکە چاوخشاندنەوە دەبێت بە تانەکاندا.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 30ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکرێت و سەرنج و تێبینییەکان پێشکێش دەکرێن بۆ ئەوەی لەنێو پرۆژەیاساکە جێگەیان بکرێتەوە.
سروە محەممەد، کە نوێنەری گەرمیان و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە جەخت لەوەدەکاتەوە، زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی بەعسەوە زیانیان بەرکەتووە؛ بۆیە وەک نوێنەرانی کورد داوا و پێشنیازی خۆیان پێشکێش دەکەن تاوەکو قەرەبووکردنەوەکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
هەر لەو بارەوە موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رۆژی شەممە 30ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی عێراق خۆی لە هەموو پابەندبوونەکانی بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان دزیوەتەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی پێشووتر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردوویانە بەوەی 17% پشکی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بێت و ئەوەی بە دەرفەت زانیوە خۆی لە هەموو پابەندبوونەکانی دزیوەتەوە.
موسەننا ئەمین، دەڵێت، "قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی بەعس مافی تاکە کەسییە، نەوەک مافی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە ئەو خەڵکە مافی خۆیەتی قەرەبوو بکرێنەوە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ