یاسایەک لە عێراق شەقام دەکات بە دوو بەشەوە، بەریتانیا و ئەمریکا لەخۆى تووڕە دەکات

30-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
پەرلەمانی عێراق.
پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەسندکردنى هەموارى یاسای قەدەخەى لەشفرۆشی لە پەرلەمانى عێراق، تاوان و سزاى نوێ دەباتە بەردەم دادگەکان،  هەموارەکە بۆ بەتاوان ناساندنى هاوڕەگەزخوازى و دیاریکردنى سزا بوو بۆ تاوانى دیکە، کە پێشتر لە یاساکە نەبووە و 'لادانى سێکسیش' بۆ ناوى یاساکە زیاد کرا.
 
یاساکە، هاوڕەگەزخوازى بە تاوان دەناسێنێت، سزاکەى لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ بەندکردنە، سزاى بانگەشەکردنیش بۆ هاوڕەگەزخوازى بەندکردنە کە لە حەوت ساڵ کەمتر نییە.
 
ئەوە جگە لە سزاى پێبژاردن کە بڕەکەى لە نێوان 10 بۆ 15 ملیۆن دینارە، هەر کەسێکیش رەگەزى خۆى بگۆڕێت سزاکەى لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردنە و ئەو پزیشکەى نەشتەرگەرییەکەی بۆ کردووە هەمان سزا دەدرێت.
 
یاساکە  بۆچوونى جیاوازى لە شەقام لێکەوتەوە، هەندێک پاڵشتیى دەکەن و هەندێکى دیکەش تێبینیان لەسەرى هەیە
 
حوزەیفە عەلی، دانیشتووى بەغدا دەڵێت: "بە راستى من لە دژى ئەو یاسایەم، چونکە عێراق فرە پێکهاتە و ئایینە، عێراق وڵاتێکى دیموکراتییە، چۆن دەبێت یاسایەک دەربکرێت لەدژى دیموکراسی و ئازادیی کەسی بێت."
 
هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان پاڵپشتیکارى سەرەکیى یاساکە بوون، ئەحمەد مەنسوور، دانیشتووى بەغدا دەڵێت: "من پاڵپشتى لە یاساکە دەکەم، لەبەرئەوەى پشت بە نێوەڕۆکى قورئان و ئایینى ئیسلامى دەبەستێت کە ئەو پرسەى بەهەموو شێوەیەک قەدەخە کردووە."
 
پەرلەمانى عێراق لە 27ى نیسان بە زۆرینەى دەنگ یاساکەى پەسند کرد کە هەموارکردنى یاسایەک بوو بەر لە 36 ساڵ دەرچووە ئەو هەنگاوە کاردانەوەى نەرێنى هەندێک وڵاتى لێکەوتەوە.
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا نیگەرانیى وڵاتەکەى لەو هەموارى یاساکە دەربڕى و رایگەیاند، هەڕەشە لەمافى مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتیەکان دەکات و "رەنگە یاساکە بۆ سنووردارکردنى ئازادى رادەڕبڕین بەکاربهێندرێت."
 
دەیڤد کامیرۆن، وەزیرى دەرەوەى بەریتانیا لە تۆڕى ئێکس نووسى: "هەمواری یاساکەى عێراق لە دژی لەشفرۆشی کە هاوڕەگەزخوازان بە تاوانکار دەناسێنێت، مەترسیدار و نیگەرانکەرە، نابێت کەس بەهۆی ناسنامەیەوە بکرێتە ئامانج، حکومەتی عێراق هاندەدەین رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی هەموو خەڵک بگرێت بەبێ جیاوازی."
 
لەکاردانەوەى نووسینگەى دەیڤد کامیرۆن؛ محەممەد جەعفەر سەدر، باڵیۆزى عێراق لە بەریتانیا بە کۆمێنت وەڵامى داوەتەوە و نووسیویەتی: "ئامۆژگارییەکانتان با لاى خۆتان بێت و ئێمە گەلێکین هەزاران ساڵ شارستانى و مرۆڤایەتیمان هەیە".
 
بەر لە هەشت مانگ لە پەسندکردنى هەموارى یاساکە، کۆمیسیۆنى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق بەکارهێنانى وشەى هاوڕەگەزخوازى قەدەخە کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە