رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەرنامەی بێستوون تۆک باسی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ تاران کرد و بە "هەنگاوێکی دروست" وەسفی کرد
مێوانی ئەمجارەی بەرنامەی بێستوون تۆک-ی تۆڕی میدیایی رووداو عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بوو کە شەوی پێنجشەممە(30-05-2024) پێشکێشکرا. لە بەرنامەکەدا لە وەڵامی ئەوەی کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟ گوتی: "سەردانەکەی رێزدار سەرۆکی هەرێم[ـی کوردستان] مامۆستا نێچیرڤان بارزانیی دۆست و برای ئازیزمان، لەڕاستیدا پێموایە هەنگاوێکی راست و دروستە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان."
بەپێی گوتەی سەرۆکی رەوتی حیکمە سەردانەکە: "پەیوەندیی هاوسەنگ لە کۆماری ئیسلامیی دراوسێمان و تورکیا و وڵاتانی عەرەبیدا بنیاد دەنێت."
عەممار حەکیم دەڵێت: پەیوەندییەکانی[سەرۆکی هەرێمی کوردستان] لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکانی عێراق و ئەم یەکتر تەواوکردنەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم[ـی کوردستان] و نەهێشتنی قەیرانەکان و سفرکردنی کێشەکان و لابردنی گومانەکان و هەڵوەشاندنەوەی گرێکوێرەکان و گومانەکان، هەموو ئەمانە هەنگاوی دروستن و مایەی پێشوازین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک لە رۆژی 5ـی ئایاری 2024 گەیشتە تاران و رۆژی دووشەممە دەستی بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران و وەزیری دەرەوەی کۆچکردووی وڵاتەکە کرد.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران کاردانەوەی نێودەوڵەتی و نێوخۆی بەدوای خۆیدا هێنا. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: "پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان عێراق و ئێران دەکەین." لە نێوخۆی ئێرانیش سەردانەکە بووە رۆژەڤ و یەکێک لە رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە بە "باڵیۆزی ئاشتی" ناویبرد.
سەرۆکی رەوتی حیکمە جەختیکردەوە کە پێویستە پەیوەندیی "هاوسەنگ و باش" لە سەر ئاستی عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ بنیاد بنێن.
"ئێمە دەزانین لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەندێک تێبینی هەبوون سەبارەت پەیوەندی لەگەڵ عێراق و هەرێم[ـی کوردستان] سەبارەت ئۆپۆزسیۆنی کورد و سەبارەت وردەکاریی دیکە و هەبوونی لایەنی دەرەکی و شتی دیکە. سەردانی کەسانی سەرکردە لە پێگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و روونکردنەوەی شتەکان و دڵنیاکردنەوەی دراوسێیەکەمان کۆماری ئیسلامی، پێم وایە هەنگاوێکی دروستە." ئەمە بەپێی گوتەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ