باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی بەغدا دەکات

30-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هێرشی سەر چەند براندێکی ئەمریکی و نێودەوڵەتیی سەرکۆنە دەکات و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکات و بکەرانی هێرشەکان رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-05-2024 ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانە دژی بازرگانییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکات، بکەران رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە و رێگە لە هێرشی دیکە بگرێت."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە)، باڵەخانەى کۆمپانیای کاتەرپیلەرى ئەمریکی لە ناوچەی جادرییە و پەیمانگەی کامبریج لە شەقامی فەڵەستین لە بەغدا کرانە ئامانج. 
 
رووداوى یەکەم کاژێر 1:20 خولەک لەبەردەم کۆمپانیا ئەمریکییەکە بوو؛ رووداوى دووەمیش 10 خولەک دواتر لەبەردەم پەیمانگەى کامبریج بووە.
 
رۆمانۆوسکی هەروەها رایگەیاند: "ئەم هێرشانە ژیان و موڵکی عێراقییەکان دەخاتە مەترسییەوە و توانای عێراق لە راكێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی لاواز دەکات."
 
باڵیۆزی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە پابەندین بە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ بونیادنانی دەرفەتی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراقییەک."
 
ئەو دوو هێرشە دواى چوار رۆژ لە هێرشکردنە سەر رێستۆرانتەکانى (KFC) و لیزچیللی هاوس هات کە دوو براندنى ئەمریکیین.

 

 
دوای هێرشەکە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێرشەکان بە دوو نارنجۆکی دەنگی بوون."
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت: "ئەو هەڵسوکەوتانە هەوڵێکى نەزۆکە بۆ زیان گەیاندن بە ناوبانگى عێراق" و دەشڵێت، "دەزگا ئەمنییەکان دەستیان دەگات بە هەر کەسێک بیەوێت زیان بە ئاسایش و ئاسایشى کۆمەڵایەتى بگەیێنێت".
 
لەسەر هێرشەکانى 26ـى ئایار، چەند گومانلێکراوێک دەستگیرکراون و وەزارەتى ناوخۆی عێراقیش فەرماندەیەکى لیوای دوورخستەوە و ژمارەیەک لە کارمەندانى هێزە ئەمنییەکانیش بەندکران کە ئەرکى بەرپرسیارییەتیى ئەو ناوچانەیان لەئەستۆدا بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە