مەسرور بارزانی و قەیس خەزعەلی تاوتوێی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن

30-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق باس لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی ئایار، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان، لەبەغدا له‌گه‌ڵ قەیس خەرعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و "گرنگیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا."
 
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا؛ لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە.
 
مەسرور بارزانی، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەعرەجی، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی تائێستا ماون، زۆر ئاساییە بێین لە بەغدا لەگەڵ هەموو برادەرانی بەرپرس، دیدار و گفتوگۆ بکەین."
 
سەرۆکی حکومەت رایگەیاند لە بەغدا هەروەها لەگەڵ سوودانی، سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی حکومەت و حیزبە سیاسییەکان "دیدار و گفتوگۆمان دەبێت لەسەر کۆمەڵێک لەو گرفتانەی تاوەکو ئێستا ماون، لەلایەکی دیکەوە بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە باشانەی کە ئێستا خەریکە دەکەونە سەر سکەی خۆیان."
 
لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، مەسرور بارزانی رایگەیاند "ئیشەڵڵا ئەوەش باس دەکەین و چارەسەر دەبێت."   
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە