رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، وەزیری دەرەوە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دەکات بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین رێوشوێنەکان لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد.
ئەمڕۆ هەینی، 30-06-2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە داوای کردووە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بکرێت بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین رێوشوێنەکان لەبارەی ئەو سووکایەتییەی بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز کراوە لە سوێد.
رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئەم مانگە و لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی لە قورئانی پیرۆز سووتاند.
ئەو کارەی سەلوان لە عێراق و وڵاتانی دیکەش کاردانەوەی تووندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوێد بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپێشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.
کاردانەوەکان لە بەغدا دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز بەردەوامن و ئەمڕۆ هەینی، سەدان هەزار کەس لە لایەنگرانی سەدر لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا کۆبوونەتەوە و دروشم دەڵێنەوە.
سەرەڕای کاردانەوەکان؛ بەڵام شەوی پێنجشەممە ئەو پەنابەرە عێراقییە لە لایڤێکدا لە فەیسبووک گوتی، "هەفتەی داهاتوو داوایەک پێشکێش دەکەم بۆ ئەوەی قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق بسووتێنم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ