لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 7 کرا

30-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق، دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی خانەنشینانی عێراقی راگەیاند، بەڵام خانەنشینانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان وەرنەگرتووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، حوسام عەبدولستار، بریکاری سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی بۆ مانگی تەممووز خەرج کرا و رەوانەی بانکەکان کراوە.
 
بەڵام لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە جیاوازە. سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خانەنشینانی ساڵانی رابردوو هێشتا مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە. هەروەها ئەو کەسانەشی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، واتە سێ موالیدەکە 1962، 1963 و 1964 و ئەوانەشی لەدایکبووی 1965ن لە وادەی خۆیاندا ئەم ساڵ خانەنشین بوون، هەندێکیان چوار بۆ شەش مانگە هیچ مووچەیەکیان پێنەدراوە".
 
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون، دەگاتە نزیکەی 30 هەزار کەس.
 
لە عێراق نزیکەی دوو ملیۆن و 800 هەزار خانەنشین هەن، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، کە 164 هەزار کەسیان شارستانی و 148 هەزاری دیکەیان سەربازین.
 
دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە کێشەی ناردنی پارە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
 
لە (28-05-2025)، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لە نووسراوێکدا بە حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند کە ناتوانێت لە ناردنی پارە بەردەوام بێت، چونکە پشکی هەرێمی کوردستان (12.67%) لە یاسای بودجەدا تێپەڕیوە. لە وەڵامدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە (29-05-2025) رایگەیاند کە شێوازی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە پێچەوانەی دەستوورە و دەبێت پشت بە کۆی داهاتە فیدراڵییەکان ببەسترێت، نەک خەرجیی راستەقینە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە