سەرچاوەیەکی باڵا لە دادگەی فیدراڵی بۆ رووداو: دادوەران دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

30-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەکاتێکدا باس لە داواکاری بۆ دەستلەکارکێشانەوەی شەش دادوەری سەرەکی و سێ دادوەری یەدەگی دادگەی فیدراڵی هەبوو، سەرچاوەیەک لە دادگەکە بە رووداوی گوت، تەنیا زارەکی بووە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵای دادگەی فیدراڵییەوە دەستی کەوتووە، سەرجەم ئەو دادوەرانەی کە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردبوو، پاش دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگەی فیدراڵی، دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی، "داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانە تەنیا زارەکی بووە، نەک بە شێوەیەکی فەرمی."
 
هاوکات، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو دادوەرانەی دادگەی فیدراڵی کە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کرد، ماوەی مانگێک لەبەردەم سەرۆکی دادگەی فیدراڵی یان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەیە، کە پەسندیان بکات یان رەتیان بکاتەوە و هیچ پێشهاتێکی نوێیش لەوبارەیەوە نییە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی گوتی، "لەو باوەڕەدا نیم دادوەرەکان دەست لەکار بکێشنەوە و بەئەگەری زۆرەوە دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان."
 
دوای دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکان، بڕیاردانی دادگە بۆ دەرکردنی فەرمانسالارییەک لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راوەستا.
 
سەرچاوەکەی رووداو لە دادگەی فیدراڵی باسی لەوە کرد، "دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ، دانیشتنەکان لەسەر ئەو داواکاری و سکاڵایانەی کە لەم ماوەیەدا کەڵەکە ببوون دەستپێدەکەنەوە."
 
دەستلەکارکێشانەوەی 9 دادوەرەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، کارەکانی ئەو دادگەیەی پەکخستووە، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق. هۆکاری کێشەکە بۆ دوو بابەتی سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان ناکۆکییە لەسەر رێککەوتنێکی عێراق و کوێت لەبارەی رێکخستنی کەناڵی ئاویی خۆر عەبدوڵڵا و دووەمیشیان، هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێکی دادگەکەیە لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەوە.
 
دوێنێ یەکشەممە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری داوە بە خانەنشینکردنی دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەکە، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، لیژنەکە دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدراڵی وەک شوێنگرەوەی بەربژێرکردووە.
 
ئەمڕۆش سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربوونی دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی دەرکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت

لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.