دژە تیرۆری عێراق: سێ چەکداری داعشمان لە کەرکووک کوشتن

30-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایدەگەیێنێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە پارێزگای کەرکووک، سێ چەکداری داعشیان کوشتوون.
 
دەزگاکە ئێوارەی دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزەکانیان لە یەکێک لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک، رووبەڕووی گرووپێکی تیرۆرستی بوونەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا روویداوە.
 
بە گوێرەی دەزگاکە "لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا، سێ ئەندامی سەر بە رێکخراوی تیرۆرستیی داعش کوژران."
 
دەزگای دژەتیرۆر جەختی لەوەش کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن "وەک بەشێک لە ستراتیژێکی گشتگیر کە ئامانجی بنبڕکردنی پاشماوەی گرووپە تیرۆرستییەکانە".
 
دوێنێ یەکشەممەش دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە هاوئاهەنگی دەزگای ئاسایشی سلێمانی هەرێمی کوردستان کراوە، سێ چەکداری داعشیان لە سنووری کەرکووک کوشتووە، کە دووانیان بەرپرسی باڵای رێکخراوەکەن لە سنووری کەرکووک. لەوانە یەکێكیان بەرپرسی ناوچەکە و ئەوەی دیکەیان بەرپرسی کەتیبەیە لە پارێزگای کەرکووک.
 
شەوی چوارشەممەش، 25ی حوزەیرانی 2025، هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە سنووری کەرکووک لە دۆڵی زغێتوون دوو چەکداری داعش-یان کوشت. بەگوێرەی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، یەکێکیان والی ریاز و ئەوی دیکەیان بەرپرسی سەربازیی ریاز بووە. هێزەکەش دەستیان بەسەر چەک و کەلوپەل و هەندێک کەرەستەی تەکنیکی و ئامێر و بەڵگەی تاوانکارییاندا گرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە