مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگەی فیدراڵی دەرچوو

30-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربوونی دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی دەرکرد.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025 سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماریی بۆ دانانی دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی دەرکرد.
 
دوێنێ یەکشەممە، 29-06-2025 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کۆبووەوە و بڕیاری دا بە خانەنشینکردنی دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەکە، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راشیگەیاندبوو، لیژنەکە بەگوێرەی مادەی (3/یەکەم و دووەم) لە یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005ی دادگای باڵای فیدراڵی کارەکانی کردووە؛ هاوکات دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدراڵی وەک سەرۆکی دادگەی فیدراڵی بەربژێرکردووە.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری نووسراوێکی ئاراستەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کردبوو، تاوەکو مەرسوومی کۆماریی بۆ دامەزراندنی سەرۆکی نوێی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەربکات.
 
دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن کێیە؟
 
-  ساڵی 1963 لە بەغدا لە دایکبووە.
-  لە 1989 بڕوانامەی لە کۆلێژی یاسای زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
-  لە 1998 خولی (21)ی پەیمانگای دادوەری تەواو کردووە.
-  لە 2018ـەوە لە دادگەی تەمیزی فیدراڵی کاردەکات.
-  جێگری سەرۆکی دادگای تەمیز و سەرۆکی دەستەی تاوانی ئەو دادگایە بووە.
-  ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە