رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 19 لیژنەی چاودێریی میدیایی بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی هەڵبژاردن پێکهێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 19 لیژنەی چاودێریی میدیایی بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان پێکهێنراون؛ لیژنەیەکی سەرەکی لە نووسینگەی نیشتمانی و لیژنەی دیکەش لە نووسینگەی پارێزگاکان دانراون.
سەبارەت بە پارێزگاکان، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتی: "هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی یەک لیژنەی هاوبەشیان دەبێت، بەڵام بۆ بەغدا دوو لیژنە پێکهێنراوە، یەکێکیان بۆ کەرخ و ئەوی دیکەیان بۆ رەسافە".
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکان دەستیان بەکارەکانیان کردووە و ئەرکیان بریتییە لە چاودێری، وەرگرتنی زانیاری و سکاڵا لەسەر هەر سەرپێچییەک، بەتایبەتی راگەیاندنی خۆبەربژێرکردن و بڵاوکردنەوەی ژمارەی بەربژێر، پێش وادەی دیاریکراوی بانگەشە، کە بە سەرپێچی دادەنرێت و بەربژێر و لایەنە سیاسییەکەی رووبەڕووی ئەو سزایانە دەبنەوە، کە لە سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردندا هاتوون.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا بەڕێوەبچێت.
لە 25ی مانگی رابردوودا دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان کرایەوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە دوایین وادە بوو بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان.
کۆمیسیۆن دەستی بە وردبینیی ناوەکان کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا قۆناخی یەکەمی وردبینییەکە تەواو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ