رووداو دیجیتاڵ
بەر لە 30 ساڵ، سەدام حوسێن دەوڵەتی کوێتی دراوسێی داگیرکرد و بە پارێزگای ژمارە 19ی عێراقی ناوبرد. رووداوەکە لە دووی ئاب روویدا.
داگیرکردنی کوێت، رووداوی دراماتیکی و کارەساتی مرۆیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. ئازارێکی زۆری کوێتییەکانی دا، عێراقی نوقمی نەهامەتی و چەرمەسەرییەکی بێوێنە کرد. هەر ئەو رووداوەش سەرەتای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییانەی سەدام حوسێن بوو، پاش 13 ساڵ لە داگیرکردنی کوێت.
ئەوانەی شوێنی سەدام حوسێنیان لە دەسەڵاتی عێراقدا گرتەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوێتدا ئاساییکردەوە، بەڵام برینی جەنگی دووەمی کەنداو، تائێستا لە نێو یادەوەری عێراقییەکان و کوێتییەکانیشدا ماوەتەوە، برینێک کە ئەمڕۆ تەمەنی دەبێتە 30 ساڵ.
لە بەغداوە تا بەسڕە، لە کەرکووکەوە تا بابل، هەموو ئەوانەی لە عێراقدا دەژین و رووداوەکانی ئەو ساڵانەیان بینیوە، کە لە دووی ئابی 1990 بە بەزاندنی سنووری کوێت لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستیپێکرد و لە 6ی ئاداری هەمان ساڵدا بەرزگارکردنی کوێت لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە کۆتاییهات، بە سەرەتای کۆتایی ناودەبەن.
دایکی سارە کە مامۆستایەکی خانەنشینی بەغدادییە دەڵێت: "لە دوای داگیرکردنی کوێتەوە، ئیدی لە عێراقدا سەقامگیریمان نەبینیوە تائێستا.
لیستی لێکەوتەکانی ئەو داگیرکارییە لە ئابڵوقەی ئابووریی نێودەوڵەتییەوە، تا شەڕی ناوخۆ، توندوتیژی تایفی و گەیشتن بە سەرهەڵدانی داعش و پاشان لەناوبردنی درێژدەبێتەوە.
رووداوە دراماتیکییەکان، یان ئەوەی بۆ عێراقییەکان بووە نەهامەتی و نەگبەتی و دەردەسەرییەکی زۆر، لە دوای چوار رۆژ لە سنووربەزاندنی سوپای عێراق بۆ کوێت دەستیانپێکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان ئابڵوقەی ئابووریی خستە سەر عێراق و تا هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 2003دا و کۆتاییهێنان بە حوکمی سەدام حوسێن، ئەو ئابڵوقەیە بەردەوام بوو،
ئابڵوقەکە لەوە بکوژتر و کاریگەرتر بوو کە پێشبینیدەکرا، نرخی دیناری عێراقی کە رۆژانێک بەرامبەر 3 دۆلار بوو، گەیشتە ئەوەی 9 هەزاری تەنیا بەرامبەر دۆلارێک بێت. جاسم محەمەد، مامۆستا لە شاری کوت دەڵێت: "وایلێهات، مووچەکەم تەنیا یەک مریشکی پێدەکڕدرا، بۆیە ئەو رۆژانەی ئابڵوقەکە هەموو شتمان خوارد، تەنانەت ئالیکی ئاژەڵمان دەکردە خۆراکی سەرەکیی مرۆڤەکان".
یەکەم جەنگی نمایشکراو لە تەلەڤزیۆندا
هیشام محەممەد قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، ئەو دەڵێت: "ئابڵوقە ئەخلاقی کۆمەڵگەی گۆڕی، هەنگاوی یەکەم بوو بۆ رەگداکوتانی گەندەڵیی ئابووری و کارگێڕی لە وڵاتەکەدا". عێراق ئێستا یەکێکە لە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان، لە لیستی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندا، پێشبڕکێی پلەکانی سەری سەرەوە دەکات.
محەممەد بەغدادی دەڵێت: "دوای ئابڵوقە ئابوورییە سەختەکە و داڕمانی دراو و راوەستانی هاوردەکردن بەشێوەیەکی تەواوەتی، باوکم کە بزنسی بیناسازی دەکرد، هەموو ئەو پارانەشی لەدەستدا کە کۆی کردبووەوە، ئەو ئەوکات خاوەنی 100 هەزار دیناری عێراقی بوو، کە دەکاتە سێ ملیۆن دۆلاری ئێستا، لەناوکاودا ئەو پارەیە هیچی نەدەکرد".
ئەوکات چینی جیاواز لە کۆمەڵگەی عێراقیدا سەریهەڵدا، لە نموونەی "بەوە بژی کە هەیە" یان "خەم لە خۆت بخۆ" ئەمانە ئەو کەسانە بوون کە دەیانزانی چۆن تایەی ئۆتۆمبێل پەنچەر بکەن، یان بەبێ کەرەستەی یەدەگ، تۆڕنەچییەتییان دەکرد. خەڵک لە بری کارەبا پەنایان بردە بەر بوتڵی غاز بۆ رووناککردنەوەی شەوە تاریکەکانی برسیەتی، ئیدی لە بری جلی نوێ، لەنگە بووە دروشمی هەمووان.
هەرچی سوپاکەی جێگەی شانازیی سەدام حوسێن بوو، بەبەرچاوی کامێراکانەوە مێژووی نووسییەوە، مێژوویەک کە یەکەمجار بوو تەلەڤزیۆن راستەوخۆ تێکشکان و پەرتەوازەبوونی سوپای وڵاتێک بگوازێتەوە، ئەوە "گەردەلوولی بیابان" بوو کە سوپای عێراقی دەپێچایەوە.
سەرمەد بەیاتی، ئەو سەردەمانە ئەفسەری سوپا بووە، بەچاوی خۆی بینیویەتی سەربازەکان لە دەست هێرشی هاوپەیمانان رایاندەکرد و بەپێ دەگەڕانەوە وڵاتەکەی خۆیان، لەگەڵ گەڕانەوەیاندا "دەبوو خەم لە کارێکی بچووک بخۆن تا ژیانی خۆیانی پێدابین بکەن".
لەگەڵ رۆچوونی عێراق بەناو بنبەستی ئابووریدا، کوێت گەشایەوە، بەڵام هێشتا چەندین ماڵبات سۆراخی چارەنووسی کەسوکارەکەیان دەکەن، هێشتا خەمباری کوژراوەکانیانن. بەندکراوەکان یادەوەرییەکانی ئەشکەنجەدان دەگێڕنەوە. هاوینی رابردوو تەرمی چەندین کوێتی کە لە بیابانەکانی عێراقدا ژێرخاک خرابوون، گەڕێنرانەوە کوێت.
ماڵباتی ئەحمەد قبازرد کە بووە سیمبولی بەرهەڵستکاریی کوێتییەکان، لە بەرامبەر داگیرکارییەکەی عێراقدا، ئەو خانووەی کە سوپای عێراق لە رۆژانی داگیرکارییەکەدا تەقاندییانەوە، کردووە بە مۆزەخانەیەک بۆ نەمرکردنی یادەوەرییەکانی شەڕ. ئەحمەد دواتر لەلایەن سوپای عێراقەوە پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر، لەسێدارەدرا.
خانووەکە نۆژەنکراوەتەوە و بەرجەستەکەری بەرهەڵستکاریی کوێتییەکانە، شروقی کچی ئەحمەد کە لە کاتی کوشتنی باوکیدا تەمەنی تەنیا 7 ساڵ بوو، هێشتا لە نێو ئەو یادەوەرییانەدا دەژی، "ناتوانم بڵێم لەگەڵ ناخی خۆمدا ئاشتبوومەتەوە بۆ ئەوەی لە عێراقییەکان خۆشببم، بەڵام دەزانم ئەوە گوناحی ئەوان نەبوو. ساڵانێکی زۆرمان ویست تا لەوە تێبگەین عێراقییەکان خۆیان، قوربانیی یەکەمی سەرکوتکردن و کوشتوبڕی دەستی سەدام حوسێن بوون".
غەیدا عامر بە کەوتنی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003دا دڵخۆشبوو، بەر لە 20 ساڵ لەو رۆژە، خوشکەکەی بەتۆمەتی پەیوەندیکردن بە بەرهەڵستکارانی کوێتەوە، بە دارتێلی کارەبادا هەڵوەسرا و سوپای عێراق ویستیان لە رێگەی ئەوەوە پێشانی بدەن ئەوەی دژیان بووەستێتەوە چارەنووسی باش نابێت.
قەرزەکانی کوێت
کوێت هەموو زیان و پرۆسەکانی کوشتن، ئەشکەنجەدان و بەندکردنی تۆمارکرد و بڕی زیانەکانی خۆی دایە دەست نەتەوەیەکگرتووەکان کە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی بەسەر عێراقدا سەپاند.
لە ماوەی 30 ساڵی پاش داگیرکارییەکەدا، عێراق تا ئێستا 51 ملیار دۆلاری داوەتەوە کوێت، لە کاتێکدا خۆی بەخراپترین دۆخی ئابووریدا گوزەر دەکات و هێشتا 4 ملیار دۆلاری دیکەی قەرزی کوێتی لەسەر ماوە.
چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نزیکەی 20 ساڵی ویست، نەتەوەیەکگرتووەکان کە ساڵی 1990 ئابڵوقەی ئابووری بەسەر عێراقدا سەپاند، لە ساڵی 2010 و پاش حەوت ساڵ لە کەوتنی سەدام حوسێن، ئابڵوقەکەی هەڵگرت.
وێڕای ئەوەش هێشتا ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر سنوورەکان بەردەوامە، عێراق دانبەو سنوورە زەوینییەدا دەنێت کە ساڵی 1993 نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانیکرد، بەڵام پێیوایە لە سنووری دەریادا ناهەقیی بەرامبەر کراوە و ئەوەش زیان لە گەیشتنی بۆ سەر ئاوی کەنداو دەدات کە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی ئابووریی وڵاتەکە هەیە. بەردەوام کوێت لە ئاوەکانی کەنداودا ئەو راوچییانە دەستگیردەکەن کە سنوورە ئاوییەکانی دەبەزێنن.
هەرچی بیسەروشوێنەکانی نێوان هەردوولایە، هێشتا بەهەزارانە، خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێت: تائێستا تەنیا 215 کوێتی و 85 عێراقی لە بێسەروشوێنەکان، چارەنووسیان دیاریکراوە.
وێڕای ئەوەش، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا هەنگاوی باشی بڕیوە، ساڵی 2018 کوێت میوانداری کۆنگرەی پارەبەخشەکانی بۆ عێراق کرد و خۆی یەکەم دەوڵەت بوو، کە بە بڕی ملیارێک دۆلار، هاوکاریی سندوقی پارەبەخشەکانی عێراقی کرد. بەڵام شروق دەڵێت: "هێشتا کەسمان داگیرکارییەکەمان لەبیر نەچووەتەوە".
ئەو دەڵێت داگیرکارییەکە، گەورەترین یادەوەری و پێکهێنەری کەسایەتی مرۆڤەکانی سەر بە نەوەی منە، دەکرێ لێیانخۆش ببین، لەگەڵیشیان ئاشت ببینەوە، بەڵام ناتوانین لە بیری بکەین چییان بەسەر هێناین.
وردەکارییەکانی داگیرکارییەکە
بەرەبەیانی رۆژی 2ی ئابی ساڵی 1990، سوپای عێراق هێرشی زەوینی و ئاسمانی کردە سەر کوێت، کردەوە سەربازییەکە دوو رۆژی خایاند و بە کۆنترۆڵکردنی تەواوی خاکی کوێت لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆتاییهات.
لە 4ی هەمان مانگدا کۆتایی بە پرۆسە سەربازییەکەی عێراق هێنرا و حکومەتێکی بە سەرکردایەتی عەقید عەلا حوسێن بەناوی کۆماری کوێت راگەیاند، دواتر لە 9ی هەمان مانگدا عێراق، کوێتی وەک بەشێک لە خاکی خۆی و پارێزگای ژمارە 19 ناونا و هەموو باڵیۆزخانەکانی کوێتی لە دەرەوە داخست.
لە بەرامبەردا لە ناوچەی تائیفی سعودی، حکومەتی کوێت لە دەرەوە دروستکرایەوە کە میری کوێت شێخ جابر ئەحمەد ئەلسوباح و جێنشین شێخ سەعد عەبدوڵا سەباح، لێی نیشتەجێبوون.
داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە، ماوەی 7 مانگی خایاند و لە 26ی شوباتی 1991دا لە دوای جەنگی دووەمی کەنداو، ئەو داگیرکارییە کۆتاییهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ