بەغدا ئامادە نییە شایستەی دارایی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات

30-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەغدا ئامادە نییە هەموو پارەى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بدات و تەنیا پارەى ئەوە بڕە دەدات کە ئێستا بەرهەم دەهێنێدرێت کە رۆژانە 52 هەزار بەرمیلە و رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت، لەکاتێکدا بە گوێرەى یاسای بودجە، دەبێت بەغدا ئەو شایستە داراییانە بدات.  
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، لیژنەی دانوستاندنکارى حکومەتى فیدراڵیی عێراق لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئاماژەیان بەوەداوە کە تەنیا شایستەى دارایی ئەو نەوتە دەدەنە کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان کە ئێستا بەرهەم دەهێندرێت و رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەكرێت نەک تەواوى شایستە داراییەکانیان بەگوێرەى ئەو گرێبەستانەى کە پێشتر واژویان کردووە.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانی رووداو، ئەو بڕە نەوتەى کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان بەرهەمدەهێندرێت و رادەستى وەزارەتى نەوت دەکرێت، رۆژانە 52 هەزار بەرمیلە.
 
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە بڕى 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق بکات بۆ هەناردەکردن یان بەکارهێنانى نێوخۆیی، لە بەرامبەر ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەی گشتی، تاوەکو وەزارەتى دارایی عێراق بەگوێرەى یاسا کارپێکراوەکانى وەزارەتى نەوت، شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت بدات.
 
لە یاساى بودجەى عێراقدا، یەک تریلیۆن و 428 ملیار و 245 دینارى گواستنەوەى نەوت لە سەر پشکى هەرێمى کوردستان دانراوە، لەکاتێکیدا دوو تریلیۆن و 689 ملیار و 655 ملیۆن و 172 هەزار دینار لە بودجە تەرخانکراوە بۆ شایستەى دارایی بەرهەمهێنانى نەوت بۆ هەناردەکردن، کە بەشێک نییە لە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان و دەبێت بە حکومەتى فیدراڵى بەدەر لەو پشکە دابینى بکات.
 
کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان، بەگوێرەى گرێبەستى هاوبەش کار دەکەن، کە نزیکەى 35%ى داهاتى نەوتى هەناردەکراو وەردەگرن، لەکاتێکدا کۆمپانیاکانى نەوت لە ناوەڕاست لە سنوورى دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى بەگوێرەى گرێبەستى خزمەتگوزارى کاردەکەن کە نزیکەى 10%ى داهاتى  فرۆشى نەوتیان بەردەکەوێت.     

 

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەگوێرەى یاساى بودجەى عێراق، خەرجکردنى  شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنانى نەوت و ئەوەش پاساوى بە بەغدا داوە، ئەگەر نەوت بەرهەم نەهێندرێت پارەکەى نەدات.
 
لە 25ى ئادارى 2023، هەناردەى نەوتى هەرێمى کورستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، کە رۆژانە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل بوو. 
 
جەمال کۆچەر گوتى: "پێویستە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان، نووسراوى فەرمى ئاراستەى وەزارەتى نەوتى عێراق بکات و بەفەرمى پێیان رابگەیێنێت کە ئامادەن رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکەن بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان لەو پرسەدا هیچ بەرپرسیارێتییەک لەسەرشانى نەمێنێت." 
 
پێشتر لە  لە 22ى حوزەیرانى 2023، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق نووسراوێکى ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی عێراق کردووە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هێشتا راوەستاوە، ئەوەیان بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان راگەیاندووە کە وەزارەتى نەوت دەتوانێت رۆژانە لەنێوان 120 بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان وەربگرێت بۆ ئەوەى بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتیی عێراق بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی بەکارى بهێنین.
 
  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە